سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە پاکستان لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا گوتارێکی پێشکەشی ئەو کەسانە کرد کە بۆ پێشوازیکردنی سەردانی فرۆکەخانەیان کردبوو.
ئەردۆغان گوتی: "نزای پیرەژنە چاو بە فرمێسکەکانی، بۆسنا، دیمەشق، قاھیرە، بەغدا و میانمار بۆ ئێمە بەسە، من لێرەدا دەمەوێ بڵێم وەڵامی نزا خراپەکان بە داوەتکردن بۆ نزا دەدەمەوە، بە نەفرەتکردن لە نزای خراپ و داوەتکردن بۆ دۆعا وەڵامی دۆعا خراپەکان دەدەمەوە، ئێمە بە نزای خراپ نەخولقاوین، بەڵکو بە نزا و داوەتکردن بە دۆعا خۆلقاوین."
سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە بەردەوامی قسەکردنەکانیدا باسی سەردانەکانی خۆی بۆ ناوچەی قەرەدەنیز، گیرەسون و ترابزۆن کرد و گوتی: "حەفتەی رابردوو سەردانی ئەو ناوچانەمان کرد، لەگەڵ خەڵکدا کۆبووینەوە و گفتوگۆیەکی باشمان ئەنجامدا. دوای گەڕانەوەمان لە ترابزۆن سەردانی پاکستانمان کرد، سەرەتا چووینە لاھور، دوای سازدانی چەند کۆڕ و کۆبوونەوەیەک لە لاھور بەرەو ئیسلام ئاباد بەرێکەوتین، لە ئیسلام ئابادیش دوای سازدانی چەندین دیدار و کۆبوونەوە سەردانی مەزرای محەمەد ئیقباڵمان کرد. سەیر بکەن محەمەد ئیقاباڵ گوتەیەکی زۆر سەیری ھەیە دەڵێ (من پرسی ڕێ و ھاوڕێت لێ دەکەم) ئەگەر ھاوڕێ نەبێ سوودی رێگا چییە. ئێمە لە چوارچێوەی ئەو فەلسەفەیەدا دەستمان بەو رێگایە کرد، سەرەتا رەفێق دواتر تەریق، سەرەتا ھاوڕێ دواتر رێگا، ئەگەر ھاوڕێ نەبێ رێگا ھیچ سوودێکی نییە."
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کرد و گوتی: "دەبێ ھەموو کەس بزانێ ئامانجی سەرەکی و شاراوەی ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کە لە دژی حکومەتەکەمان دەستی پێکردووە، ئیرادەی نەتەوەییە، لێرەدا دەبێ ئێمە ھەڵبژاردنی خۆمان لە نێو دوو بژاردەدا بکەین، یا میللەت یا زەلیلبوون. من لەو باوەڕەم ئەوانەی لەو دوو بژاردەیە میللەت ھەڵدەبژێرن، سەرکەوتوو دەبن."
ئەردۆغان بۆ ئەو کەسانی دروشمیان دەگوتەوە گوتی: "خەمتان نەبێ سەری خۆم دانانوێنم. با جارێکی دیکە دووبارەی بکەمەوە، ئەگەر کەسێ ھەبێ لە کاسەی دەوڵەت ماڵی دەوڵەت یا ماڵی خەڵکی خواردبێ، با کەس شک و گۆمانی نەبێ و بزانێ ئێمە بۆ خۆمان لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەین، بێجگە لە ئێمە یاساش لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکا، بەڵام بەڕێوەبەری ئۆپۆزسیۆن بۆی نییە لێپرسینەوە بکا."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا با نەیار و ناحەزان بەردەوام بن لە دانانی بۆسە و پلانگێڕی، ناتوانن ئەوەندەی خەڵک شارەزا بن، پیلان و بۆسەی ئەوان ئەوەندەی پلان و بۆسەی خەڵک بەھێز نابێ. بۆیە ئێمە جارێ دان بە خۆماندا دەگرین و خۆمان ناخەینە نێو ئەو بۆسانەوە، بە پێچەوانەوە زۆرتر کاردەکەین، زۆرتر خزمەت دەکەین، تەنیا یەک داوام لە ئێوە ھەیە، ئەویش یەکێتی نێوانمانە، دەبێ ئێمە یەکێتی نێوان خۆمان بەھێزتر بکەین."