ئیستانبوڵ
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریكردنی لە رێوەڕەسمی ئیفتار كردن لە كۆشكی هوبەر گوتەیەكی پێشكەش كرد و باسی لە كار و چالاكییەكانی مرۆیی توركیا كرد.
ئەردۆغان گوتی: "لە كوێ هەژار و لێقەوماوێك هەبووە دەستی هاوكاریمان بۆ درێّژ كردووە. حاڵی حازر زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی سووری و عێراقی لە توركیان، 300 هەزاری ئەو ئاوارانە عێراقین و یەك ملیۆن و 700 هەزاری دیكەیان سوورین، ئێمە لە سایەی سیاسەتی بەكراوەیی هێشتنی دەرگاكانمان، دەرگامان بۆ ئەو ئاوارانە كردووەتەوە چونكە نەماندەتوانی دەرگاكانمان بە رووی ئەم كەسانە كە لە ژێر بۆمبەكاندا بوون دابخەین و تا ئەمڕۆیش ئێمە بڕی شەش ملیار دۆلارمان بۆ ئاوارەكان خەرجكردووە، خۆ نەتەوە یەكگرتووەكانیش هاوكاری نەكردوونە و ئەگەریش كردبێتی خۆ لە سندووقی خۆیدا نەیداوە بەڵًكو لە كۆبوونەوەكاندا دابینی دەكات چونكە وڵاتانی جیاجیا هاوكاری پێشكەشی ئەو كۆبوونەوانە دەكەن، بۆ نموونە سعوودیە 50 ملیۆن دۆلاری رەوانە كردووە و گوتوویەتی بۆ ئەوەی رەوانەی توركیا بكرێت دەینێرم. بەڵام چەند پارە رەوانەی توركیا كراوە؟ بە گشتی 365 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەوەی توركیا خەرجی كردووە شەش ملیار دۆلارە و حاڵی حازر زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە لە توركیا لە نێو كەمپەكاندان ئەمە لە كاتێكدایە كە لە سەرانسەری رۆژئاوا ژمارەی ئاوارەكان 200 هەزار ئاوارەیە. زۆر گاڵتەجارییە".
ئەردۆغان گوتی: "توركیا دەتوانێت بگاتە شوێنی باشتر، ئاواتی هەمیشەیی من وەك سەركۆمار ئەوە بووە كە ئێمە هەموومان یەك بین، یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین و هەموومان پێكەوە توركیا بین و ئەو كات كەس ناتوانێت بمانڕۆخێنێت، پێویستە لەم چوارچێوەیەدا سەركەوتوو بین چونكە توركیا پێویستی بەمە هەیە. من دەڵێم ئەو شتانەی كە هەمیشە وەكو توركایەتی، كوردایەتی، لازی، چەركەسی و گوروجو و ... دێنە بەردەممان، لە نێو كتێبی ئێمەدا شوێنیان نەماوە، ئێمە هەموومان ناچارین لە چوارچێوەی هاووڵاتی بوونی كۆماری توركیادا یەك بگرین، ناچارین لەسایەی ئەو هاووڵاتی بوونەدا یەك بگرین و یەكسان بین، چونكە ئەگەر لێرە پرسیار لە وشەی نەتەوە یا میللەت بكەین، ئەوا لە نێو وشەی نەتەوە یا میللەتدا كوردیش هەیە، تورك و چەركەس و لازیش هەن، میللەت ئەمەیە، راكێشانی ئەم بۆ ئەملا و ئەولا هیچ مانایەكی نییە. خوا ئێمەی لە چوارچێوەی قەومە جیاوازەكاندا خۆلقاند بۆ ئەوەی كە باشتر یەكتر بناسین و لە یەكتر تێ بگەین و نە تورك لەسەرەوەی كوردە و نە كورد لە سەرەوەی توركە و نە سپی لەسەر عەرەبەوە و نە عەرەب لەسەرەوەی سپییە، لەسەرەوە بوون تەنیا و تەنیا هی ئەوەیە كە بتوانێت خۆی نزیكی خوای گەورە بكاتەوە".