Abdullah Shukur
30 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2018
ئورفا - AA
وەستایەکی شیرنەمەنی لە شاری ئورفا، بە تێکەڵکردنی پاقڵاوە و قەدایف جۆرە شیرنەمەنییەتی بەناوی "قەدلاوە" دروستکردووە و ئەمەش بووەتە جێگەی بایەخی خەڵکی ناوچەکە.
لە شاری ئورفا کە بە ھەمەچەشنی کولتووری خواردن بەناوبانگە، چەندین جۆری شیرنەمەنی بەتام و بەلەزەت لەو شارە بەرھەم دەھێنرێت و پێشکەشی سفرەی خوانەکان دەکرێ.
لە دوای ئەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری نەرێنی کردە سەر بازاڕی شیرنەمەنی، وەستایەکی دروستکردنی شیرنەمەنی لە شاری ئورفا بە ناوی سادق بادیلی ھەستا بە داھێنانی جۆرە بیرۆکەیەکی نوێ.
بادیلی ھەڵسا بە تێکەڵکردنی بەشی سەرەوەی پاقڵاوە و بەشی خوارووی قەدایف و ئەمەش بووە جێگەی بایەخی کڕیارەکانی ئەو شارە.
ئەم جۆرە شیرنەمەنییە لەلایەن دامەزارەی تۆمارکردنی مارکەی تورکی بە ناوی "قەدلاوە" چووە نێو لیستی جۆرە شیرنەمەنییەکی نوێ.
ئەو شیرنەمەنییە بەلەزەتە لە شوێنێکی نزیک چەمی مێژووی بالیکلی گۆل لە شاری ئورفا پێشکەش بە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەکرێت و لە ماوەیەکی کورتدا بووەتە جێگەی بایەخی خەڵکی ناوچەکە. ھاوکات نرخی یەک کیلۆی ئەو شیرنەمەنییە نزیکەی ٣٥ لیرەی تورکییە.
سادق بادیلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەو نزیکەی ٣٥ ساڵە کار لە بواری شیرنەمەنی دەکات و ئێستاش لەزەتێکی نوێیان پێشکەش بە شاری ئورفا کردووە.
ناوبراو لەبارەی ئەو شیرنەمەنییە نوێیە گوتیشی: "ئەم بەرھەمە یەکێکە لە بەرھەمە خوازراوەکانی وەرزی ھاوین. ھەردوو شیرنەمەنی پاقڵاوە و قەدایفمان تێکەڵ بە یەک کردووە و لەزەتێکی نوێمان بەناوی قەدڵاوە دروستکرد".
قەدایف، جۆرە شیرینییەکە لە زۆربەی شارەکانی تورکیا دروست دەکرێت، کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانیش پێی دەگوترێت پاقلاوەی شەعرییە.