سەرۆكی كۆمیتەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی توركیا ئایھان سەفەر ئوستون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیاری ئازادكردنی پەرلەمانتارە بەندكراوەكان جێگای خۆشحاڵی ئێمەیە و بەو بڕیارە خۆشحاڵین. سیاسەتمەدار دەبێ لە نێو دامودەزگاكاندا بێ نەك لە نێو بەندیخانەدا. ھاوڕێ پەرلەمانتارەكانیشمان دەبێ لە پەرلەماندا بن نەك لە بەندیخانەدا. بە خۆشحاڵییەوە ھاوڕێكانمان ئازاد كران و دێنە پەرلەمانەوە."
ئایھان سەفەر ئوستون لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد بڕیاری ئازادكردنی پەرلەمانتارەكان بۆ دیموكراسی توركیا و قۆناغی چارەسەری ھەنگاوێكی زۆر گرنگە، حكومەتی ئاك پارتی بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەری ھەنگاوی زۆر گرنگی ناوە و بڕیاری ئازادكردنی پەرلەمانتارەكانیش یەكێكە لە ئەنجامی ئەو ھەنگاوانەیە. ئێمە دەمانەوەێ پرسێكی سەد ساڵە بە رێبازی ئاشتی و دیموكراسی چارەسەر بكەین، بۆیە ئەو ھەنگاوانەی ئەمڕۆ نراون ٢٠ ساڵ پێش كەس نەیدەتوانی باسیان لێوە بكا، بۆیە بڕیاری ئازاد كردنی پەرلەمانتارەكان و ھەنگاوەكانی دیكە جێگای خۆشحاڵی ئێمەن.
سەفەر ئوستون جەختی لە سەر ئەوە كردەوە چاوەڕوانی ئەوەن ئاك پارتی ئەو ھەنگاوە باشانە بۆ پێكھاتەكانی دیكەی كۆمەڵگە جێبەجێ بكا، ھەروەھا چاوەڕوانی ھەوڵدان بۆ بەھێزتركردنی دیموكراسیەتی توركیا و بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری لە پەرلەمانتارە ئازاد كراوەكان دەكەین، چونكە لە توركیا چی دیكە جێگای توندوتیژی نابێتەوە.