Abdullah Shukur
21 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2018
ئەنقەرە - AA
لیستی پاڵێوڕاوانی ئاک پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ٢٧ەمین خولی پەرلەمانی تورکیا، پێشکەشی دەستەی باڵای ھەڵبژاردن کرا.
ئەمڕۆ کاتژمێر ٥ی ئێوارە دوا مۆڵەت بوو بۆ ئەوەی پارتە سیاسییەکانی تورکیا لیستی کاندیدانی خۆیان بۆ ھەلبژرادنەکانی ٢٤ی حوزەیرانی داھاتوو پێشکەش بە دەستەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بکەن.
بەم ھۆیەوەش جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، ئەحمەد سۆرگون و شاندی یاوەری لیستی کاندیدانی پارتەکەیان پێشکەش بە دەستەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد.
ئەحمەد سۆرگون لە دوای پێشکەشکردنی لیستی کاندیدان، بۆ رۆژنامەنووسان دوا و رایگەیاند کە ھەنگاوێکی گرنگی قۆناغی ھەڵبژاردنیان بڕیوە و ئەمڕۆ ئاک پارتی کاتژمێر ٠٤:٢٧ خولەک لیستی کاندیدانی خۆی پێشکەش بە دەستەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ١٦٧ پەرلەمانتاری ٢٦ەمین خولی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی ئاک پارتی دووبارە وەک کاندیدی ھەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی تورکیا دیارکراون.
ھاوکات گەنجترین کاندیدی ئاک پارتی بۆ پەرلەمانی تورکیا، ١١مین کاندیدی کۆجائالییە بەناوی ئەلیف نور بایرام کە تەمەنی تەنیا ١٨ ساڵە .
ھەر لە لیستی کاندیدانی ئاک پارتی، ١٢٦ کاندیدی ئافرەت و ٥٧ کاندیدی خوار تەمەن ٢٥ ساڵ و ھەشت کاندیدی خاوەن پێداویستی تایبەت بوونیان ھەیە.
لە نێو لیستی کاندیدانی ئاک پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ٢٧مین خولی پەرلەمانی تورکیا، یاریزانی مۆتۆرسکلێت کەنعان سۆفوئۆغڵو، یاریزانی زۆرانبازی سەلجوق چەبی و بەرێوبەری تەکنیکی ئاڵپای ئۆزەلان بوونیان هەیە.
ھەروەھا بریکاری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم وەک کاندیدی ریزبەندی یەکەمی ناوچەی یەکەمی پارێزگای ئیزمیر دیاریکرا.