Tufan Aktaş
26 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2022
ئیستانبوڵ-AA
بەڕێوەبەرانی پێشەنگی میدیا لە تورکیا، بەشدارییان لە لووتکەی میدیایی تورکیا و ئەفریقادا کرد و تێیدا هەڵسەنگاندنیان سەبارەت بەو ئاستەنگانە کرد کە لە بواری رۆژنامەوانییدا دوای پەتای کۆرۆنا هاتووەتە پێش.
لەو لووتکە دوو رۆژییهدا کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، دیارترین کەسایەتییەکانی هەریەک دامەزراوە میدیاییەکانی تهرهته، ئاژانسی ئانادۆڵو، Daily Sabah،GNEC Medya،MSG Medya و Standard Group قسەیان کرد.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی تهرهته، ئۆغوز گۆکسو به پێویستی زانی سەیری داتا جیهانییەکان و لێکۆڵینەوەکانی ئێستا بکرێت، وەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نەوەی نوێ و یەکگرتن لەگەڵ پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، بۆ ئەوەی لەرووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کێشانە تێبگەین کە دوای هاتنی پەتای کۆرۆنا، میدیا و رۆژنامەوانیی تێیکەوتووە.
ئۆغوز گۆکسو بە ئاماژەدان بە داتاکانی تورکیا، رایگهیاند: "لە تورکیا ٧٠ ملیۆن بەکارهێنەری ئینتەرنێت و ٦٩ ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی سۆشیال میدیا هەیە، کاتێک سەیری مەودای تەمەنی ١٦-٦٤ ساڵ دەکەین دەبینین بەکارهێنەران هەشت کاتژمێر لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا و سێ کاتژمێر لە سۆشیال میدیادا بەسەر دەبەن. کاتێک سەیری بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دەکەین کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ بەرەو سەرەوەیە، لە سەدا ٦١ هەست بەو زانیاریانە دەکەن کە لە ئینتەرنێت رووبەڕوویان دەبێتەوە، کە رەنگە ئەم زانیارییانە هەڵە و هەواڵی ساختە بن".
گۆکسو جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاستدا و گوتی: "بەپێی توێژینەوە جیهانییەکان، لە نێوان ٣٧ وڵاتدا تورکیا زۆرترین بەرکەوتەی زانیاری ناڕاستە بە رێژەی لەسەدا ٤٩".
- "لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە تورکیا پرۆسەیەکی جددیی دەستکاریکردنی زانیارییەکان هەبوو"
ئەندامهكهی دەستەی بەڕێوەبردنی تهرهته بە هێنانەوەی نموونە لە تورکیاوە، رایگهیاند: "لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان کە ساڵێک لەمەوبەر بەرۆکی تورکیای گرتبوو، پرۆسەیەکی دەستکاریکردنی جددیی هەبوو".
لای خۆیهوه بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی Daily Sabah، ئیبراهیم ئاڵتای ئاشكرایكرد، مرۆڤ بوونەوەرێکە تواناکانی سنووردارە، بۆیە پێویستی بە هەواڵ هەیە، مرۆڤەکان بەپێی هەواڵەکان شێوە بە ژیانیان دەبەخشن.
ئیبراهیم ئاڵتای ئاماژەی بەوە کرد، هەواڵەکان ریکلامی شاراوە یان دیاریان تێدایە و گوتی: "دەزگا میدیاییەکانیش وەک مرۆڤ زیندەوەری زیندوون. بۆیە ناتوانین چاوەڕوانی بابەتییەتیبوونی لەسەدا سەدیان لێ بکەین".
- "ئامانجمان شیکردنەوەی هەواڵی ساختەیە"
بەڕێوەبەری پەخشی زمانەکانی جیهان لە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئهرمان یوکسەل ئاماژەی بەوە دا کە هەواڵی ساختە بە دیجیتاڵکردنی خێراتر بڵاودەبێتەوە و گوتی: "گرنگ نییە لە چ ئاستێکی خوێندنەوە دایت، ئەگەر ئەو زانیارییانەی پێت دەدرێت لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و جیهانبینیتدا بگونجێت، ئەوا قبوڵی دەکەیت. کێشەیەکی لەو شێوەیە هەیە".
ئهرمان یوكسەل بە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە رۆژنامەوانان ئەركیان هەیە سەبارەت بە پرسی هەواڵی ساختە و زانیاری ناڕاست، رایگەیاند: "لێرەدا حەز دەکەم بە کورتی باس لە چالاکییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بکەم. ئاژانسی ئانادۆڵو هێڵێکی پشتڕاستکردنەوە دروست دەکات، پلاتفۆرمێکی نوێ دروست دەکات. لێرەدا ئامانجمان ئاشکراکردنی پرۆسەی دامەزراندن و دروستکردنی هەواڵی ساختەیە".
یوكسەل وێڕای دەربڕینی ئەوەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە پێگەیەكی بەسووددایە و سەرچاوەی سەرەكی هەواڵەكانە، ئاماژەی بەوەدا كە بە وەرگرتنی هەواڵەكان لە پەیامنێران، خەڵكی ناوخۆ، شایەتحاڵانی ناوچە جیاجیاكانی توركیا و جیهان، هەواڵەکان بە جیهان دەگەیەنن.
بەڕێوەبەری پەخشی زمانەکانی جیهان لە ئاژانسی ئانادۆڵو، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاژانسەکە هەواڵەکانی لەبارەی ئەفریقاوە زیاد کردووە، ئاشكرایكرد، لە ئەم هەفتەیەوە یەکەی شیکاریی هەشت بابهتی جیاواز لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەفریقا بڵاودەکاتەوە.