مەلاتیا
ڕاویژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیران و پەرلەمانتاری ئاکەپە یاڵچن ئاکدۆغان لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد "ھەفتەی داھاتوو ڕاپۆرتێکی چڕوپڕ لەبارەی کارەکانی پرۆسەی چارەسەر لەڕۆژی دەستپێکردنیەوە تا ئەمرۆ بڵاو دەکەینەوە. لەنێو ڕاپۆرتەکەشدا سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانە ئاماژەیان پێدەدرێت کە پێشتر بۆ قۆناغەکە ئاشکرا کراون."
ئاکدۆغان لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی "پلاتفۆرمی یەکڕیزیی سیڤیل و کاری ھاوبەشی شارەوانی مەڵاتیا بۆ دیموکراسیی تورکیای سەدەی ٢١ پێویستە" گوتی: سەرجەم ئەو کێشانەی لە تورکیا سەریان ھەڵداوە بەھۆی بۆشایی دیموکراسیەوە بووە، توانیومانە ئەم بۆشاییە پڕ بکەینەوە.
گوتیشی: سێ ھەوڵی پرکردنەوەی دیموکراسی دراوە ئەوانیش ھەوڵەکانی "عەدنان مەندەرێس و تورگوت ئۆزاڵ، دواھەمینیشیان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە"، لەم سەردەمانەدا ھەڵی پرکردنەوەی بۆشایی دیموکراسییان داوە.
ئاکدۆغان گوتی: "لەڕووی گەشەسەندنی ھەرێمایەتیەوە رێفۆرمی "سۆسیۆ ئابوری" کراوە، ھەروەھا رێفۆرم بۆ مافە گشتیەکان ئەنجام دراوە، لەلایەکی ترەوە بە سیاسەتی باوەڕپێکراوەوە دژی تێرۆر کارەکان بەرێوە براوە، سەرەتا ھەنگاو بەرەو گۆڕانکاریی پرۆگرامەکان نرا، سیاسەتی نکۆڵی و تواندنەوە و جیاکاری بەھەموو شێوەیەک خرایە لاوە، قۆناغی گەڕانەوەی مافەکان و ئازادی ناسنامە و نەتەوایەتی و ئازادی بۆ گۆڕەپانی پرۆسەکە دەستی پێکرد."
گۆڕانکاریەکانی ئەمڕۆ بەبەراورد لەگەڵ پرۆسەی ئۆسڵۆ باشترە، پشتیوانیی کۆمەڵگا بەرزترە، سەرجەم ئەو ئەکتەرانەی ئەوسا وەک بەدەپە لەدەرەوەی پرۆسەکە بوون، ئەمڕۆ زیاتر ئاگاداری پرۆسەکەن و لە قۆناغەکەدا بەشدارن، پرۆسەکە لەسەرجەم ئەکتەرەکان پێکھاتووە، حکومەت و کەسانی بیرمەند کارەکانیان بەڕێوە برد، ھەروەھا کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان ، بەناوی "کۆمسیۆنی چارەسەرکردن" پێک ھێنرا، من یەکێکم لە ئەندامەکان، ھەفتەی ئایندە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەین، لەڕاستیدا ئەم ڕاپۆرتە فراوان و چڕو پڕ دەبێت، لەڕۆژی دەستپێکردنیەوە تا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فراوان وردەکاریەکانی پرۆسەی چارەسەرکردن بڵاو دەکەینەوە. لەنێو ڕاپۆرتەکەشدا سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانە دەنووسرێنەوە کە پێشتر بۆ قۆناغەکە ئاشکرا کراون، ھەروەھا بیرو بۆچوونی زانایان و ڕۆشنبیران و پسپۆڕانی بوارەکە و ھەڵسەنگاندنی جیھان لەبارەی پرۆسەکە لەشێوەی ڕاپۆرتێک دەخەینە روو، دواھەمین جار پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن ئاشکرا کرا، ھەنگاوێکی گرنگی تر سەردانەکەی دیاربەکر بوو، ئەمانە ھەمووی لەئیرادەی سیاسەتی پرۆسەی چارەسەرکردندا ھەیە و دەریدەخات کە ئیرادەی چارەسەرکردن ھەیە، پێویستە کاری زیاتر بکرێت، بەڵام لەکۆتاییدا حکومەت ڕێگای ڕاستی گرتووەتە بەر و ھەنگاو دەنێت.