بورسا
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولەند ئارنچ دەڵێ میدیاکان زۆر بایەخیان بەپرسی (پارکی گەزی) دا لەئیستەنبوڵ بۆیە لێیان نیگەرانە.
لەوبارەیەوە گوتی " ھەر کەسێ قسە بکات میدیاکان چاوی دەخەنە سەرو بایەخی پێدەدەن، بۆ پرسی پەکەکەو پارکی گەزیش ھەروایان کرد، بۆیە من دەڵێم ئەگەر میدیاکان دوو ساڵ واز لەناوھێنانی پەکەکە بێنن بۆخۆیان تەواو دەبن و نامێنن، بەڵام میدیا ھەروا درێژە دەدا بە پڕوپاگەندە بۆیان پەکەکەیش ھەر ئەوەیان دەوێ".
لەبارەی ژیانی سیاسی خۆی بەڕاشکاوانە گوتی " لە ماوەی چل ساڵی چالاکی سیاسییمدا خیانەتم لێکراوە، رێزم لێنراوە، ھەژاریی و دەوڵەمەندیشم بینیوە. بۆیە پێموایە شتێکی دیکە نەماوە بیبینم بەڵام دەبێ رێز لەو کەسانە بگیرێ کە خزمەتی وڵات دەکەن".
بولەند ئارنچ گوتی" بە ھۆی گرنگی دانی کەناڵەکانی میدیا بە رووداوەکانی پارکی گەزی لە میدیاکان زۆر دڵخۆر بوومە.
ئارنچ لەبارەی ھەلومەرجی سیاسی تورکیا گوتی" ماوەیەکی زۆرە لە دژی توندوتیژیی شەڕ دەکەین، بۆ چارەسەری کێشەو ئاڵۆزیی گوێمان بۆ زۆر کەس گرتووەو سەیری نموونەی زۆربەی وڵاتانی جیھانمان کردووە، بەڵام دیسان میدیاکان کێشەکان قەبە دەکەن و پڕوپاگەندەیان بۆ دەکەن تەنیا دوو ساڵ باسی پەکەکە نەکەین ئەوا پەکەکە نامێنێ، ئەگەر سێ کەس را بکەن و تۆیش بەدوایاندا بڕۆی، ئەوا ئەو سێ کەسە دەگەنە ئامانجی خۆیان چونکە ئامانجیان ئەوەیە تۆ بە دوایاندا بکەوی".