ئەنقەرە
سێ مادەی یەکەمی پڕۆژەیاسای چوارچێوەی یاسایی قۆناغی چارەسەری لە کۆمسیۆنی کاروباری ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا پەسەند کران و دواتر جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشیر ئاتالای وەڵامی پرسیار و رەخنەی پەرلەمانتارانی دایەوە.
ئاتالای گوتی: "رەخنەی ئەوەمان لێ دەگیرێ کە گوایه لە بارەی قۆناغی چارەسەرییەوە زانیاری ئاراستەی پەرلەمان و پەرلەمانتارەکان نەکراون، من لە بارەی قۆناغی چارەسەری و ئەو پڕۆژە یاسایە ئەوەی پێویست بێ پێشکەشم کردووە، بەڵام ئەگەر کەس باوهڕ بهو شتانه نهكا کە گوتراون، ئەوا گوتنی شتی زۆر ھیچ مانا و واتەیەکی نییە."
ئاتالای له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "من لێرەدا لە بارەی ئامانجەکانمان گوتارێکم پێشکەش کرد، بەڵام کە سەیری ئەو شتانە دەکەم کە دواتر گوتران وهك خیانەت کردن لە وڵات، ھەڵبژاردنی سەرکۆماری و پڕۆژەیاسای گرێدراوی ھەڵبژاردن و چەندین شتی دیکە، زۆر گاڵتەجاڕین، لە نێوان ئەو ھەموو گاڵتەجاڕییەدا من چی بڵێم؟ ئێمە باسی ھەموو شتێك دهكهین و شرۆڤهیان بۆ دهكهین، بەڵام ئەگەر كهسانی دیكه فكر و بیروڕای جیاوازیان ههبێ و ئێمە نهتوانین بەو شتانە کاریگەریان لەسەر بەکەین، ئەوا ناتوانین ھیچ شتێک ئەنجام بدەین. ئێمە باسمان لە ئامانجی قۆناغی چارەسەری کرد، ئامانجی ئەم قۆناغە دانانی چەک و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی و رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیە، بێجگە لەمانە قۆناغی چارەسەری ھیچ ئامانجێکی دیکەی نییە، ئێمە بە کار کردن و ھەوڵدان دەمانەوێ بگەینە ئەو ئەنجامانە و بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتی رەھا بە ئەنجومەنی وەزیران دراوە و بەشێک لە ھەوڵدانەکانمان دووبارە وەکو پڕۆژە یاسا دێنەوە بەردەستی ئێوە."
جێگری سهرۆكوهزیرانی توركیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لێدوانەکانی پارتیی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكەی وڵاتەكەی جەھەپەی لە بارەی پێشنیاری ھەدەپە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری كرد و گوتی: "ئێوە وەکو مامۆستایەک چۆن دەتوانن شتێکی بەو جۆرە ئهنجام بدهن؟ من تێ ناگەم، كاتێك لەسەر پێشنیاری پەرلەمانتارێک ھەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە یاسایەک دەکەین، ئەوا ئەوە شتێکە کە ئێوە خۆتان دەیزانن، لێرەدا کەسی سێیەم یا وڵاتی سێیەم نییە، ئەمە یەکەمجارە کە تورکیا بۆ خۆی بەڕێوە دەچێ، بۆیە چەند کەس و لایەنێک پێیان ناخۆشە، تورکیا له ههوڵی بهردهوامدایه بۆ ئەوەی خۆی ئەو پرسە چارەسەر بکا."
ئاتالای باسی چۆنییهتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە کرد و گوتی: "ئەو پڕۆژەیاسایە بڕیاری لەسەر کارکردن لە سەر پرسی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەی داوە، ئەویش وەکو پڕۆژەیاسایەکی دیکە سبەینێ دێتە بەردەستتان، حاڵی حازر ئێمە لە سەر پرسی چۆنێتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە کار دەکەین و نەخشە رێگایەک ئامادە دەکەین و لە چوارچێوەی ئەو نەخشە رێگایەدا خشتەیەکی کاتی بۆ ھەر شتێک ئامادە دەکرێ و ئێمەیش بۆ ئەوە مەبەستە چی پێویست بێ درێغی ناکەین. ئەگەر پێویست بە پڕۆژەیاسا بکا، ئەوا پڕۆژەیاسا ئامادە دەکەین و ئەگەر پێویستی بە ھەنگاوی دیکە بکا ئەوا جێبەجێی دەکەین، ئەمانە ئەو شتانەن کە دواتر دەبێ گفتوگۆیان لە سەر بکرێ، ئێمە باسی ئەو شتانە دەکەین، بەڵام ئێوە ئازادن کە ئایا بڕوای پێ دەکەن یا نا. چی بڵێم؟ ھەڕەشەکردن، توندوتیژی، رەق و کینه ئسلووبی ئێمە نییە، ئەمانە لای ئێمە دەست ناکەون، من باسی ئەوەم کرد کە ئێمە بۆ چی کار دەکەین، دەمانەوی بەو پەڕەی نیازپاکییەوە گەورەترین پرسی ئەم وڵاتە چارەسەر بکەین، بەڵام لێرە ھەر باسی سیناریۆی رەش و تاریک دەکرێ. بیروڕاکانتان زۆر نهرێنین، کاتێک کە بیروڕای ئێوە بەو جۆرە بێ، ئێمە چی بڵین؟ گوێتان لێ دەگرین، ھەمووی قسەکانتان ھەڕەشە، بێ رێزی و شتی دیکەیە، بێگۆمان رهفتاری ههر كهسێك هی كهسێكی دیكه نییه."
ئاتالای وەڵامی رەخنەی ئەوەیشی دایەوە کە گوایا قۆناغی چارەسەری بە پێی پێویست بە کۆمەڵگە نەناسراوە و گوتی: "ئێمە ھەموو مانگێك لێکۆڵینەوە لە سەر رۆژەڤی سیاسی کۆمەڵگە دەکەین و ھەر کارێک کە لە لایەن ئێمەوە ئەنجام دەدرێ، بەوپەڕی شەفافیەتەوە بۆ کۆمەڵگە باس دەکرێ و ئەو شتانەی کە بەدڵی کۆمەڵگە نین ئێمە جێبەجێیان ناکەین، ئەمە یەک لە رێبازە گرنگەکانی کارکردنی حکومەتی ئاکپارتییە، ئاکپارتی ھەمیشە ھەوڵی بۆ ئەوە داوە کە دیالۆگی لەگەڵ کۆمەڵگەدا ھەبێ، ئەو پڕۆژانەی کە زیاتر لە سەدا ٥٠ی کۆمەڵگە پشتگیرییان لێ نەکا، ئێمە جێبەجێیان ناکەین. حاڵی حازر بەشێکی یەکجار زۆری کۆمەڵگە پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری دەکا و كه ئهو رێژهیهش زیاتر لە سەدا ٥٠یه، چونکە کۆمەڵگە دەیەوێ لەو پرسە رزگاری بێ."
جێگری سهرۆكوهزیرانی توركیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پڕۆژەیاسایە بووەتە جێگای خۆشحاڵی و رەزامەندی ھەموو كهسێك و قۆناغی چارەسەریش زۆر بە شەفافی بەڕێوە دەچێ.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە كه ئایا چ جۆرە ئەنجامێک لە پاکێجەکانی دیموکراتیزەکردنی تورکیا بەدەست کەوتن؟ ئاتالای گوتی: "ئەو پاکێجانە ھیچ کامیان لە سەر داوای ھیچ کەس ئامادە نەکراون، بە ویژدانەوە دەڵێم ئێمە چەندین شتمان لە بەرنامەی پارتەکەماندا نووسیوە، یەک لەو کەسانەم کە بەرنامەی پارتیمان نووسیوە، قۆناغێکمان ھەیە بە ناوی قۆناغی دیموکراتیزەکردن، ئەو قۆناغە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەیە لە تورکیا، بۆ ئەو پڕۆسەیە پێویستیمان بە پاکێجی بەو جۆرە ھەبوو. ھیچ پلانێکی ئێمە بۆ ئەوە نەبووە کە پاکێجێک ئامادە بکەن و نازانم فڵان کەس لە چیا دابەزێ، بڕواتان ھەبێ ئەو پاکێجانە بەبێ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ھیچ لایەکی دیکەدا بکرێ، ئامادە کراون. بێجگە لەو شتانە، بەو پڕۆژە یاسایە بە ھیچ شێوەیەک ئازادی ئەنجامدانی تاوان بە پەکەکە نەدراوە، ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ حکومەت و دەوڵەت پێویستە، بۆ پەکەکە و ئەوانە لازم نییە، ئێمە وەکو دەوڵەتێک زۆر جدی ھەوڵ بۆ لە ناوبردنی ئەو شتانە دەدەین کە نەزانراون. سەرۆکوەزیران بە بەرپرسی میت دەڵێ بڕۆ لەگەڵ کاربەدەستانی پەکەکەدا گفتوگۆ بکەن، بەڵام دواتر داواکارێک سکاڵا لە سەر بەرپرسی میت تۆمار دەکا و دەیەوێ ئیفادەی وەربگرێ و دەیەوێ دەستگیری بکا، ھەموو دەردی ئێمە ئەوەیە چونکە ئەگەر وابێ ئەوا کەس یا ھیچ برۆکراتیک ناتوانێ کار بکا."