ئەنقەرە
یاریدەدەری سەرۆکی CHP سەزگین تانریكوڵو رایدەگەیاند: سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق مەسعود بارزانی خاوەن کەسایەتیەکی بەڕێزە لە ناو کوردەکاندا و راشیدەگەیەنێت کە نابێت ئەم ڕێزداریەی بارزانی لە سیاسەتە ناوخۆییەکانی تورکیا بەکاربھێنرێت و بکرێتە قوربانی شەڕ و ئاژاوە و ناکۆکیە ناوخۆییەکانی تورکیا.
تانریكوڵو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ناو پەرلەمانی توریکا ئەنجامیدا باسی لە چەندین پرسی ناوخۆیی تورکیا کرد و لە بەشێکی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی گواستنەوەی کەیسی سکاڵاکانەوە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو تاوانبارانە دەدات کە پێشتردا بە ئەنجامدانی تاوانی بکوژی نادیار لە ناوچە کوردیەکان تێوەگلاون و ئەشکەنجەو ھێزی لەرادەبەدەریان بەکارھێناوە.
ئەو یاریدەدەرەی سەرۆکی CHP ئاماژەی بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و ئەو کۆبوونەوەیە کرد کە بریارە لە ھەفتەی داھاتوودا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەحەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامی بدات و گوتی: "بەڕێز مەسعود بارزانی کە خاوەنی ٥٠-٦٠ ساڵ لە خەباتی سیاسیە و کەسایەتیەکی بەڕێزە لەناو کوردەکاندا و ئەم ڕێزداریەی بە ھۆی مێژووی خەباتی خۆیەوە بەدەستیھێناوە، ھیوادارم ھەوڵنەدرێت ئەم بەڕێزییەی بارزانی بکرێتە قوربانی ناکۆکی و ئاژاوە و پێکھەڵپژانە ناوخۆییەکانی تورکیا."