Mazın Asad . Sarmand Hameed
29 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2016
ئەنقەرە
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ گوتی: "پێویستە بەشێوەیەکی خێرا دەست بە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و دیموکراسی بکرێت. بە ھزری کۆنەوە دەستووری نوێی ئامادە ناکرێت. پێویستە لە نێو زەمینەیەکی نوێ و دیموکراسیدا تاوتوێی دەستوورێکی نوێی تورکیا بکرێت".
یوکسەکداغ لە گوتەیەکی لە بەرنامەی بەیەکگەیشتنی ئافرەتان بە ناوی "دژی کودەتاکان بەرگری لە ئازادی دەکەین" لە گۆڕەپانی توزڵوچایر لە ئەنقەرە رایگەیاند گشت کودەتاکان دژی ئافرەتان و ئازادی ئەنجام دراوە.
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە ئاماژەی بەوە دا کە لە پێناو وەرگرتنی بەرگریکردن لە مافی ئازادی ئافرەتان لە گۆڕەپانەکان کۆدەبنەوە و زیاتر گوتیشی: "کۆمەڵگەی تورکیا و ئافرەتان مەحکوومی کودەتاکان نین. ئێمە وەک ھەدەپە لە پێناو رەنج و بەھێزکردنی دیموکراسی شان بەشانی یەکتر گوتمان بژاردەیەکی دیکە ھەیە، بەڵام ھزری دەسەڵاتی پیاو جگە لە شەڕ رێگەیەکی دیکەی نەدەزانی".
یوکسەکداغ ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە دوو رۆژ لەوەپێش داعش ھێرشی کردە سەر قامشلۆ و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل کوژران و راشیگەیاند وەک ھزری خۆیان دژی ھەموو جۆرە کوشتن و کودەتا و کۆکوژییەکن.
یوکسەداغ لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دووبارە قۆناغی ئاشتی و چارەسەریی بۆ دۆزی کورد دەست پێ بکات و زیاتر گوتیشی: "پێویستە بەشێوەیەکی خێرا دەست بە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و دیموکراسی بکرێت. بە ھزری کۆنەوە دەستووری نوێی ئامادە ناکرێت. پێویستە لە نێو زەمینەیەکی نوێ و دیموکراسیدا تاوتوێی دەستوورێکی نوێی تورکیا بکرێت. ھەروەھا پێویستە زەمینەیەکی یەکسان و ئازاد بۆ تاوتوێکردنی دەستووری نوێی تورکیا پێک بھێنرێت. پێویستمان بە زەمینەیەکی سیاسی لە مشتومڕەکانی دەستوور ھەیە کە تێدا عەلەوی، کورد، کرێکاران و گشت چینە ستەملێکراوەکان راستەوخۆ بەشدار بن".