Hemn Baban
28 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2016
هەولێر
بەپێی قسەکانی گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بانگخوازیی و سیاسەت لە ژێر یەك چەتردا لە یەكتر لە نێو یەكگرتوودا، جیا دەكرێتەوە.
گوتەبێژی كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لوقمان باسكەدێری ئەمڕۆ شەممە لە سەروبەندی بەستنی كۆنگرەی حەوتەمی ئەو حزبە كە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بە ئامادەبوونی هەزار و 127 ئەندام بەڕێوە دەچێت و سێ پاڵێوراو خۆیان بۆ ئەمینداری گشتیی هەڵبژاردووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسییدا لوقمان باسكەدێری گوتی لە ژێر درووشمی "بەرەو ئایندەیەكی گەشتر لە كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ" ئەمڕۆ كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتوو دەستی پێ كرد كە دوو رۆژ دەخایەنێت. لەو كۆنگرەیە ئەمڕۆ كۆمەڵێك چالاكی بەڕێوە دەچێت و لەم دوو رۆژەدا بەگشتیی چەند كارێكی سەرەكی ئەنجام دەدرێت لەوانە ئەندامانی كۆنگرە ئەمیندارێك بۆ یەكگرتووی ئیسلامی هەڵدەبژێرن. ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو هەڵدەبژێردرێت، ئەنجوومەنی بەدواداچوون هەڵدەبژێردرێت.
پەسەندكردنی پەیڕەو وپرۆگرامی نێوخۆیی یەكگرتووی ئیسلامی، گفتوگۆ لەسەر ستراتیژییەتی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەكرێت لەگەڵ پەسەندكردنی".
ئەو هەروەها گوتیشی: "ئەمڕۆ راپۆرتی چوار ساڵەی حزب لەلایەن ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی پێشکەش کرا و چەندین تەوەری تێدا بوو كە هەرێمی كوردستان و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆخی هەرێمایەتیش لە ناوچەكە باس كرا، سەرباری شەڕی داعش، بە گەورەییش رۆڵی پێشمەرگە هەڵسەنگێندرا، هەروەها بەڕێزەوە باسی لە شەهیدەكان كرد و ئومێدی چاكبوونیشی بۆ بریندارەكان خواست".
لوقمان باسكەدێری روونیشی كردەوە لە رەشنووسی پەسەندكراو مەكتەبی سیاسی دەگۆڕێت بۆ ئەنجوومەنی جێبەجێكردن، دەبێت پەسەند بكرێت ئینجا وەردەگیرێت.
لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا لە نیوەی یەكەمی رۆژی یەكەمی كۆنگرەكە باسی لەوە كرد كە پەیڕەو و پرۆگرامی نێوخۆی حزب پەسەند كراوە، لەو رووەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ پەیڕِەو و پرۆگرامی نێوخۆی یەكگرتووی ئیسلامی پەسەند كرا، لە سێ هەفتەی رابردوودا زۆر قسەی لەسەر كرا و ئەمڕۆ گفتوگۆ كرا، چوار هەزار لە سەركردەكانی یەكگرتوو بەشدارییان لە داڕشتنەوەی ئەو پەیڕەوە كردووە. چەندین كۆنفڕانس و كۆبوونەوەی بۆ كراوە و ئەوەش وایكرد بۆ ئەمڕِۆ ئاسان پەسەند بكرێت".
سەبارەت بە مەسەلەی بانگخوازی و سیاسەتیش لە نێو یەكگرتوودا ئاشكرای كرد "گفتوگۆی زۆر لەسەر دەكرێت و هەندێك پێیان وایە كە سیاسەت زاڵ بووە بەسەر كاری بانگخوازی. بۆیە بۆ رەچاوكردنی ئەوە بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كاری رێكتر بێت، ئەو دوو بوارە جیا بكرێتەوە بەڵام هەر لە ژێر یەك چەتردا".
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوش لەبارەی ناو و ئاڵای یەكگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، ناوبراو وەڵامی دایەوە کە "ناوی یەكگرتووی ئیسلامی وەكو خۆی ماوەتەوە، دەنگی بۆ دراوە، ئاڵای ئەویش ماوە، بەڵام ئەوەی هەیە و گۆڕدراوە ئەوەیە ئەو چیایەی لەنێو لۆگەكەماندا هەیە لاببرێت".
گوتیشی گۆڕانكاری سەرەكی دەكرێت و كراوە لەوانە بە قسەی ئەو "ناوی مەكتەبی سیاسی كرایە ئەنجوومەنی جێبەجێكار، هەندێك بواری سیاسەت و بانگخواز گۆڕانكاریی كراوە بۆ ئەوەی هەردووكی لە نێو یەكگرتووی ئیسلامی رێكتر رەنگ بداتەوە".
گوتەبێژی كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لوقمان باسكەدێری لە کۆتاییدا باسی لەوەش كرد كە 25 لەسەد لە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكگرتوو بۆ خوشكان دانراوە لە هەموو دەزگا باڵاكاندا.