hemn husain
11 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2016
هەولێر
لە 27ـەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بانگەوازێک رادەگەیەنێت.
ئەو حزبە داوا لە خەڵکی کوردی ئێران دەکات کە لەیادی تیرۆرکردنی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو کە دەکاتە رۆژی چوارشەممە، بۆ ماوەی یەک رۆژ تەواوی دووکان و بازاڕەکان دابخرێن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تەیموور مستەفایی بانگەوازێکی ئەو حزبەی بۆ خەڵکی کوردی ئێران راگەیاند و گوتی: "ئەمساڵ وەکو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بانگەوازێکمان بڵاو کردووەتەوە ئەویش داوا دەکەین خەڵکی کوردستان مان بگرن و بازاڕ و دووکانەکان دابخەن و خەڵکی دێهاتەکان نەچنە شارەکان، بەم شێوەیەک پەیامێک بدەن بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی کە ئەوان پشتگیری ئەو پەیامە دەکەن کە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزی ئەمساڵ بڵاوی کردەوە کە تێیدا پەیامی شاخ و شاری راگەیاند، ئەگەرچی سەردەمی شاخمان تێپەڕاند و ئێستا نۆرەی شارە کە وەڵامی ئەو پەیامە بداتەوە، ئێمە چاوەڕوانیمان هەیە کە خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەو بانگەوازەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بداتەوە".
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو بانگەوازەش، تەیموور مستەفایی گوتی: "دیارە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی رابردوودا زۆر گوشاری خستووەتە سەر خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت پێش بەو ماندووبوونە بگرێت بەڵام بەوشێوەی کە ئێمە دەیبینین پێمان وایە خەڵکی کوردستانی ئێران وەڵامی ئەو بانگەوازەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەداتەوە چونکە کوردستان ئەگەر یەکدەنگ و یەکپارچە وەڵامی ئەو بانگەوازە بدەنەوە ئەوە دڵنیام کۆماری ئیسلامی ناتوانێت هیچ گوشارێکیان بخاتە سەر بێگومان لە ئەزموونی رابردوودا ئەوە سەلمێنراوە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی رابردوودا کەشێکی تۆقێنەری لە ئێران خوڵقاندووە کە ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کۆماری ئیسلامی لەماوەی رابردوودا چەند کەسێکی بەبێ هیچ بەڵگەیەک دەستگیر کردووە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و سەرەڕای ئەوەش بێڕێزی بە ژن و منداڵەکانییان کردووە، کەشێکی تۆقاندنی دروست کردووە بۆ ئەوەی خەڵک بەدەم هیچ بانگەوازێکەوە نەچێت".
دوای ئەوەی چالاکی هێزەکانی پێشمەرگە دەستی پێکرد و لەبەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامی ئێران چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی بۆردومان کرد و یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو وڵاتەش هەڕەشەی لەناوبردنی هەرێمی کوردستان کرد و بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش، لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی زۆری لە هێزە ئەمنییەکان هێناوەتە شارە کوردییەکانی ئە وڵاتە و لەمبارەیەوە تەیمووری مستەفایی گوتی: "وەک ئاگادارین دوای چالاکی هێزەکانمان لە ناوەوەی ئێران، حکوومەتی ئێران نزیکەی 150 تا 200 هەزار هێزی چەکداری لە کوردستانی ئێران کۆکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە کەشێکی ئەمنی دابین بکات چونکە کۆماری ئیسلامیی لەناو دڵی خەڵکدا بوونی نییە و لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە قبووڵکراو نییە و کاتێک دەتوانی وەڵامی خەڵکی کوردستان بداتەوە کە زوڵم و ستەم لەسەر ئەو خەڵکە لاببات".
سەبارەت بەو کەسانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر کراون، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ ئەندامێکیان لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە دەستگیر نەکراوە و لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوانەی کە دەستگیر کراون نزیکەی 40 تا 50 کەس دەبن، ئەو دەستگیرکردنەش هیچ ئەندامێکی ئێمەی تێدا نییە و خەڵکی سڤیلن".
سەبارەت بە چالاکی هێزەکانی پێشمەرگەی ئەو حزبە لە ناوەوەی وڵاتی ئێران، تەیموور مستەفایی گوتی: "ئێمە رامانگەیاندووە کە تاوەکو کۆماری ئیسلامی هێرش نەکاتە سەر هێزەکانمان ئێمە هێرش ناکەین بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا کە رووبەڕوومان ببنەوە بێگومان ئێمەش رووبەڕوویان دەبینەوە، هەر ئەوەی لەماوەی رابردوودا کردوومانە".
تەیمووری مستەفایی ئەوەشی رەتکردەوە کە پەیوەندییان بە هێرشە چەکدارییەکەی رۆژی رابردووی پارێزگای کرماشانەوە هەبێت کە تێیدا دوو بەرپرسی ئەو پارێزگایە کرانە ئامانج.