Abdullah Shukur
29 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2018
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی ھاوکاری بۆ ئاوارەکانی سووریا رایگەیاند کە بڕیاریانداوە بۆ دووەم جار بڕی ٣ ملیار یۆرۆ پێشکەش بە تورکیا بکەن.
مێرکڵ لە دوای لوتکەی کۆنسەی ئەورووپا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و تێدا رایگەیاند کە پشتیوانی لە پڕۆژەکانی تورکیا بۆ ئاوارەکانی سووریا دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ دووەمین جار بڕی ٣ ملیار یۆرۆ پێشکەش بە تورکیا دەکەن.
مێرکڵ گوتیشی: "دەمانەوێ بە ھەموو شێوەیەک رێککەوتنی تورکیا و یەکێتی ئەورووپا لەبارەی پەناخوازان جێبەجێ بکەین. بڕیارماندا بۆ دووەم جار بڕی ٣ ملیار یۆرۆ پێشکەش بە تورکیا بکەین. تورکیا لەبارەی لەخۆگرتنی ئاوارەکان کاری بێ وێنە ئەنجام دەدات".
مێرکڵ ئاشکراشی کرد بە شێوەیەکی گشتی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەبارەی پرسی پەناخوازان رێککەوتوون. گوتیشی: پرسی پەناخوازان نەک تەنھا بۆ یەک وڵاتی ئەندام بەڵکو بۆ گشت یەکێتی ئەورووپا تاقیکردنەوەیەکی گرنگە".
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکراشی کرد کە بەمەبەستی رێگری لە کۆچی نایاسایی وەبەرھێنانی زیاتر دەکەن و بۆ دروستکردنی سیستەمێکی ھاوبەشی پەناخوازانیش کاری زۆر ماوە ئەنجامی بدەن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەمبارەیەوە رێککەوتوون.