شیکردنەوە

كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی

ـ بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ فەرمانگەی كارەبای‌ سلێمانی رایگەیاند، هەر پڕۆژەیەكی گەشتیاری و بازرگانی پارەی كارەبای حكوومەت قەرزار بێت و پارەكە نەداتەوە هەڵدەستن بە بڕینی كارەبای ئەو شوێنە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 19.08.2018 - نوێکردنەوە : 21.08.2018
كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی

As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA

بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ كارەبای‌ سلێمانی‌ ، سالار حوسامەددین لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لە هۆكاری بڕینی‌ كارەبای‌ پڕۆژەی‌ گەشتیاری‌ چاڤی لاند لە شاری سلێمانی كرد و گوتی: "ماوەی 20 رۆژە كارەبای ئەو پڕۆژەیە بڕدراوە، هۆكاری بڕینەكەشی بەپێچەوانەوەی ئەو هەواڵانەی بڵاوكراونەتەوە هیچ پەیوەندیەكی‌ بەبڕیاری‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكوومەتی‌ هەرێمەوە نییە، بەڵكو بەگوێرەی یاسا بووە و پەیوەندی بە پێنەدانی پارەی كرێی كارەباوە هەیە كە لەسەریان كەڵەكە بووە".

سالار حوسامەدین گوتی: "پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند كە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانی گەشتیارییە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو نزیكەی 900 ملیۆن دینار پارەی كارەبا قەرزی لەسەر كەڵەكە بووە و پابەند نەبوون بە پێدانی پارەكەوە".

ئەو باسی لەوەش كرد، دوای ئەوەی چەندجارێك پڕۆژەكەیان ئاگاداركردۆتەوە لەپێدانی پارەی كارەبا، بەڵام قەرزەكانیان نەداوەتەوە، بەو هۆیەوە لەڕۆژی 25ی مانگی رابردووەوە كارەبای پڕۆژەكە بڕاوە.


بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا و لە بارەی خشتەی پێدانی كارەبا لە رۆژانی جەژندا گوتی:" هەوڵدەدەین لە رۆژانی جەژندا چەند كاتژمێرێك كارەبای نیشتمانی زیاتر بدرێت بە هاووڵاتییان ، بۆ ئەو مەبەستەش بڕێگ گازی زیادە دابینكراوە".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، دانانی پێوەری زیرەك لە شاری هەولێر دەستی پێكردووە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە شاری سلێمانی دەست بە دانانی بكرێت، دواتر هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın