Dilşad Seyfeddin Ahmet
18 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2016
سلێمانی
ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی عێراقی نوری مالیكی ئەمڕۆ بەسەردانێك گەیشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ هەریەك لە سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان جەلال تاڵەبانی و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا و بەرپرس و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كۆبوویەوە.
پێش كەمێك و دوای كۆبوونەوەكە هەریەك لە ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی عێراقی نوری مالیكی و لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
سەرەتا مەلا بەختیار پێشوازی لە سەردانەكەی مالیكی بۆ سلێمانی و دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكەی كرد و گوتی: "كۆبوونەوەیەكی گرنگی دوو قۆڵیمان لەنێوان هەردوو حزب ئەنجامدا و لەسەر هەموو تەوەرەكان لەوانەش عێراق و داعش و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و پەیوەندی دوو قۆڵی و كێشە هەڵپەسێردرا و چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەردولا قسەوباسمان كرد، سەردانەكەش لەم قۆناغەدا بۆ ئێمە زۆر گرنگە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی حزبی دەعوە مەبەستییەتی كێشەكان لەگەڵ هێز و لایەنە كوردییەكان چارەسەر بكات بەمەبەستی پەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستایانەی دوژمنان بۆسەر هەردولا".
مەلا بەختیار گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەموو جومگەكانی كێشەكانی ناوخۆی عێراق و هەرێم و مەترسییەكانمان كردووە، لە ئەنجامدا هەردولا گەیشتینە ئەوەی لە هەردوولا دەست پێبكەین و چیمان پێدەكرێت ئەنجامی بدەین بەرەو چارەسەركردنی هەندێك لە كێشەكان".
لەلای خۆیەوە نوری مالیكی گوتی: "سەردانەكەمان بۆ سلێمانی سەردانێكی ئاساییە وەك گەلێك كە بەرژەوەندی و مەترسی هاوبەش كۆمان دەكاتەوە، هەروەها سەردانەكەمان بۆ ئەوەیە پیرۆزبایی لەو رێكەوتن و هاوپەیمانێتییەی نێوان یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بكەین و چاوەڕوانی ئەوە دەكەین ئەو هاوپەیمانێتییە چارەسەری كێشەكان بكات، چونكە ئەو قەیرانەی لە كوردستان هەیە كاریگەری لەسەر بەغدا هەیە و ئەوەشی لە بەغدا هەیە كاریگەری لەسەر بەغدا هەیە".
مالیكی گوتی: "ئەو عێراقەی بەچەندین تەحەدی تێپەڕی كرد هێشتا بەردەوامە و پێویستی بە كەشوهەوای ئەرێنی هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئەو كێشانە تێپەڕ بكەین، ئەمڕۆ دەمانەوێت چەند بابەتێكی ستراتیجی باس بكەین بۆ ئەوەی پشتگیری عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشانەی كە ماندووی كردووین" .
مالیكی ئاماژەی بۆ هەوڵەكانی هەموو لایەنەكان كرد بۆ دژایەتیكردن و رووبەڕووبوونەوەی داعش و رایگەیاند: "ئەوان لە هەموو ناوچەكان هەڵدێن و چەند رۆژێكی تر لە عێراق نامێنن، ئاسایشی وڵاتەكەش پێویستی بە هاوپەیمانێتی نێوان بەغدا و هەرێم هەیە".
ئەو هەروەها گوتی: "سەردانی ئێمە بۆ لای براكانمان لە یەكێتیی نیشتمانی چەندین لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی هاوبەشی لێكەوتەوە بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە كار بكەین و رێگە خۆش بكەین و كەشوهەوایەكی ئەرێنی دروست بكەین، بۆیە رێكەوتین لەسەر پەرلەمان و دامەزراوەكان و ئەوەش لەسەر حسابی هیچ لایەنێك نییە".
مالیكی ئەوەشی گوت: "گفتوگۆی ئێمە و گرنگی سەردانەكەی ئێمە بۆ سلێمانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان لە نەوت یان خزمەتگوزاری یان بوارەكانی تر، پێویستە بەهەموو لایەكەوە چارەسەرێك بۆ ئەو كێشانە بدۆزینەوە ".
سەرۆكی حزبی دەعوە رایگەیاند: "لەم سەردانە و كۆبوونەوەكاندا هەموومان بەوە گەیشتین نەخشە رێگایەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزینەوە".
مالیكی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان و لەبارەی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لەساڵی 2014 ئاماژەی كرد بەوەی، بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم بەهۆی ناكۆكی لەسەر داهاتی نەوتەوە بووە و بەپێی دەستووریش دەتوانرێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.
مالیكی باسی لەوەشكرد بەرنامەی هەیە سەردانی شاری هەولێر بكات و گوتی: "هەولێر بەشێك نییە لە دەوڵەتێكی تر و بەشێكە لە هەرێمی كوردستان و عێراق و گفتوگۆشمان كردووە كە دەمانەوێت پارتی و لایەنەكانی تریش بێنینە ناو ئەم گفتوگۆیانەوەو هیچ كێشەیەك نییە لە نێوان من و هەولێردا، ئەگەریش هەیە لە ئایندەدادا سەردانی هەولێریش بكەم".
بڕیارە سبەی سێشەممە لە درێژەی سەردانەكەیدا ، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی عێراقی نوری مالیكی سەردانی شاری هەڵەبجەش بكات.