Abdullah Shukur
25 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2016
حەلەب
لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا و رووسیا بۆ سەر شاری حەلەب، ٦٦ کەس کوژران و ١٧٨ کەسیش برینداربوون.
یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری شارستانی شاری حەلەب بە ناوی نەجیب ئەنساری بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریا بە درێژای رۆژ گەڕەکەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنیان لە شاری حەلەب بۆردومانکردووە.
راشیگەیاند کە لە ئەنجانی ئەم ھێرشانە ٦٦ هاووڵاتی سڤیل کوژراون و ١٧٨ کەسیش برینداربوون کە ئافرەت و منداڵ لە نێویاندا ھەیە. ئەنساری گوتیشی: "فڕۆکەکانی رووسیا و سووریا ١٥ بۆمبی فۆسفۆری و ١٨ بۆمبی ڤاکومیان ھاویشتووەتە سەر گەڕەکەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە شاری حەلەب ".
نەجیب ئەنساری گوتیشی: "لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو بۆ سەر شاری حەلەب ٢٤٤ هاووڵاتی سڤیل کوژراون و ٦٥١ کەسیش برینداربوون".
ئەنساری ئاشکراشی کرد کە دوینێ ٩٢ کەس لە گەڕەکەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب بەھۆی ھێرشی رژێمی سووریا کوژراون و ٢٧٣ کەسیش برینداربوون.
لە لایەکی دیکەش بەھۆی ھێرشی فڕۆکەکانی رووسیا و سووریا لەوەتەی ١٩ی ئەیلوول ٣٧٨هاووڵاتی سڤیل کوژراون و ١٤٠٧ کەسیش برینداربوون.
رێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیری ئەمریکا و رووسیا لە ١٢ی ئەیلوول لە سووریا راگەیەنرا و لە ١٩ی ئەیلوولیش کۆتایی ھات.