Abdullah Akkurt
16 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ گوتی: "ھێزە خۆجێیەکان و سوپای عێراق با ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدەن. پێشمەرگە پشتیوانی بکات و ھاوکات ھێزە تایبەتییەکانی وڵاتانی نێو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە سوپای عێراق بکەن. ھەروەکو چۆن جەرابلوس لە داعش پاککراوە، گشت شارەکانی عێراق و سووریاش لە داعش باکبکرێنەوە".
چاوشئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیمارات شێخ عەبدوڵا زەید ئەلنەھیان لێدوانی بۆ راگەیاندنەکان دا.
"ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ بە تەواوی دەستیپێنەکردووە"
چاوشئۆغڵو گوتی: "ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ بە تەواوی دەستیپێنەکردووە. لە لێدوانەکانیش ئەم شتە دەبینین". راشیگەیاند کە سەدا ٩٠ی عەرەبی سوننە لە ناوچەکانی رەققە و موسڵ دەژین.
چاوشئۆغڵو گوتیشی: "ئێمە دژی مەزھەبگەرین. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عێراق و سووریا و ھێزی دەرەکی بەم شێوەیە ھەڵسوکەوت دەکەن. لەوەو پێش لە فەللوجە بینیمان چۆن ملیشیا شیعەکان بە دڕندەترین شێوە سوننیەکانیان کوشت".
"ئۆپەراسیۆنەکە دەبێ لە لایەن سوپای عێراق و ھێزە خۆجێیەکان ئەنجام بدرێت"
چاوشئۆغڵو ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە دەسەڵاتی مالیکی لە عێراق مەزھەبگەریی دروستکرد و راشیگەیاند کە ئەوان لە کاتی خۆی بە ئەمرییکیەکانیان گوتووە کە رادەستکردنی عێراق بە وڵاتانی دیکە، داھاتووی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە بۆچوونی تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئاشکرایە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە دەبێ ھێزەکانی خۆجێیی و سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە موسڵ دەستپێبکەن، نەک ملیشیا شیعەکان. گوتیشی: "لە ناوچەکەدا پێشمەرگە ھەیە، پشتیوانی لەوانیش وەردەگیرێت. نابێت خەڵکی ناوچەکە، ناچار بکرێن بە ئەنجامدانی بژاردەیەک لە نێوان داعش و گرووپەکانی شیعە مەزھەب کە ھێرش دەکەنە سەر خەڵکی سوننی".
چاوشئۆغڵو لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "ھێزە خۆجێیەکان و سوپای عێراق با ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدەن. پێشمەرگە پشتیوانی بکات و ھاوکات ھێزە تایبەتییەکانی وڵاتانی نێو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە سوپای عێراق بکەن. ھەروەکو چۆن جەرابلوس لە داعش پاککراوە، گشت شارەکانی عێراق و سووریاش لە داعش باکبکرێنەوە.".
چاوشئۆغڵو ئاشکراشی کرد کە تورکیا ئامادەیە ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی ئۆپەراسیۆنەکە بکات و ھەر پێشھاتەیەکی عێراق و سووریاش کاریگەری بۆ سەر تورکیا دەبێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە بەھۆی دۆخی ئێستای عێراق، تورکیا بووەتە ئامانجی رێکخراوە تیرۆریستەکانی وەک داعش و پەکەکە. گوتیشی: "بەرامبەر ھەر مەترسییەک بۆ سەر تورکیا ئەوا گشت مافەکانی نێودەوڵەتی دژی ئەم پێشھاتەیە بەکاردەھێنین".