ئەنقەرە
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز ڕایگەیاند دووەم کەشتی نەوت هەڵگری ھەرێمی کوردستان نەوتی بار کرد و لەبەندەری جیهان بەڕێ کەوتووە.
تانەر یلدز ڕاشیگەیاند تورکیا وەک وڵاتێکی گوازەرەوەی ئەو نەوتە بەردەوام دەبێت و ئەم کارەشی بۆتە ئاسانکارییەک بۆ کارەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، چوونکە ئەوان دەیانەوێت لەوێدا سیستمێک بنیات بنێین. کە ھەولێر و بەغدا نەیانتوانی لەنێو خۆیاندا دروستی بکەن. تورکیا تەنها ئامانجی ئەوەیە یارمەتی هەردوولا بدات.
ھەروەھا یڵدز ئەوەشی ڕاگەیاند کە شێوازی فرۆشتنی نەوتەکە لە ڕێگەی ئەو تەندەرانەوە دەبێت کە هەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراق دەیکەنەوە و تورکیا لەو ڕووەوە ھیچ بەرپرسیارییەتێکی لە ئەستۆ نییە و کاری تورکیا فرۆشتنی ئەو نەوتە نییە، بەڵکو ئەوان تەنھا بەرپرسن لەگواستنەوەی و بۆ ھەر بەرمێک نەوتیش زانیاری بە حکومەتی بەغدا دەدەن.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا گوتیشی: "ئەو بارگرژییەی کە ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، تورکیا هۆکار نییە، ئەوەی داھاتەکە وەردەگرێت تورکیا نییە، چوونکە ئەو نەوتە، نەوتی عێراقە، ئەو داھاتەش عێراق وەریدەگرێ. لەبەر ئەوە ھەمیشە ئەنقەرە بە بەغدا و ھەولێر دەڵێت ئێوە داھات دابەش دەکەن. ئەوەی دروستە لێرەدا ئەوەیە کە ئەو نەوتەی لە عێراق بەرھەمدەھێنرێت لەرێگای تورکیا دەگەیەنرێتە بازاڕەکانی جیھان، پێویستە بزارنێت، کە ئەو نەوتە لە رێگای یەکێک لە متمانەترین بەندەرەکان بۆ بازاڕەکانی جیھان دەگوازرێتەوە، ئەویش بەندەری جەیھانی تورکیایە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا یڵدز گوتی ھەفتەی ڕابردوو بەشێوەیەکی فەڕمی ئاگادارییەکییان لەبارەی هەڕەشەکانی عێراق بۆ سکاڵاتۆمارکردن لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە.
لەبارەی کاردانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە یڵدز گوتی: "لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریکا ناو بە ناو گفتوگۆ دەکەین، وا بریارە ئەم مانگە یان مانگی داھاتوو جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا سەردانی تورکیا بکات."