هه‌ولێر
هه‌رێمی كوردستان رۆژانه شه‌ش ملیۆن لیته‌ر به‌نزین، لە پاڵاوگە ناوخۆییەکان به‌رهه‌م دەهێنێ، كه‌چی ئەو بڕە پێدوایستیی ناوخۆیی پڕ ناكاته‌وه.
رۆژی یه‌كشه‌ممه په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوویه‌وه و تێیدا بڕیاردرا وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بانگهێشتی په‌رله‌مان بكرێ بۆ روون كردنه‌وه سه‌باره‌ت بە قه‌یرانی به‌نزین له هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان یوسف محه‌مه‌د گوتی: "له‌سه‌ر داوای ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار، نووسراو ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان ئاماده‌ی دانیشتنێکی په‌رله‌مان بێ و بەرچاو روونی بداتە پەرلەمانتاران له باره‌ی قه‌یرانی سوته‌مه‌نی له هه‌رێمی كوردستان."
سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانی كوردستان شێركۆ جه‌وده‌ت، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بەو کێشەیە گوتی: "پێویسته وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان میكانیزمێك دابێ بۆ ئه‌وه‌ی به زوترین كات ئه‌م قه‌یرانه تێپه‌ڕێنین. كۆبوونی تایه‌به‌ت به به‌نزین بۆ شۆفێران، یه‌كێكه له‌و چاره‌سه‌رانه‌ی بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا دانراوە."
جەودەت گوتیشی: "رۆژانه هه‌رێم به‌شی ناوخۆی به‌نزین به‌رهه‌م دەهێنێكه نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن لیتره، به‌ڵام خواستی زۆرتری له‌سه‌ره به‌هۆی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆر ئاوارە له ناوچه‌كانی ناوەڕاستی عێراقەوە، پێشتر ملیۆنێك لیتر بەنزین له بێجیه‌وه ده‌هاتە کوردستان، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه بۆیه هه‌موو ئه‌مانه وایكردوه قه‌یران دروست بێ. ئێمە پێشنیاز دەکەین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار ئاسانی بۆ كۆمپانیاكان بكا تا له توركیا و ئێرانەوە به‌نزین بهێنرێتە کوردستان به‌و مه‌رجه‌ی وه‌زاره‌ت چاودێری وردی بكا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی نرخ و كوالێتهوه به‌نزین به شێوه‌یه‌كی باش بگاته ده‌ستی هاووڵاتیان."