Zana Natık Kerem
13 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2017
ئەبو زەبی ــ AA
وەزیری وزەی ئیمارات، سوهەیل بن فەرەج مەزروعی رایگەیاند كە هێشتا بازاڕەكانی نەوت پێویستیان بە ماوەیەكی دیكە هەیە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی ئیتحادی ئیماراتی كە رۆژنامەیەكی حكوومییە، سوهەیل بن فەرج مەزروعی گوتی: "وێرای ئەو ئەنجامە باشەی كە لە رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەدی هاتووە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە ماوەی دیكە هەیە بۆ گەیشتن بە ئاستی مامناوەندی عەمباركردنی بازرگانیكردن بۆ پێنج ساڵی داهاتوو".
وەزیری وزەی ئیمارات پێشبینی كرد كە ٢٠٠ میلۆن بەرمیل لە عەمبارەكانی جیهان تا چارەكی یەكەمی ساڵی ٢٠١٨، كەم ببێتەوە.
سوهەیل بن فەرەج گەشبینی خۆی بە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی داهاتووی رێكخراوی ئۆپێك نیشاندا كە لە كۆتایی ئەم مانگە لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت لەوەی بەشداربووانی كۆبوونەوە بە كۆی دەنگ بگەنە رێككەوتنێك كە ببێتە مایەی گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕەكانی نەوت لە ساڵی ٢٠١٨.
وەزیری وزەی ئیمارات گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێك، لە بارەی درێژكردنەوەی رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو لەگەڵ ماوەی درێژكردنەوەكە گفتوگۆ دەكەین".
لە كۆتایی ئەم مانگە ئەندامی رێكخراوی كۆپێك لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا كۆدەبنەوە و ئەنجامی رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوتوێ دەكەن و هەروەها بڕیار لەسەر درێژكردنەوە یان درێژنەكردنەوەی رێككەوتنەكە دەدەن.