Hemin Hüseyin
26 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2017
هەولێر-AA
بازاڕی عەلوە و خۆراک لە شاری هەولێر، قۆناغی یەکەمی تەواوکراوە و لە ئێستادا دوکانەکان رادەستی خاونەکانییان دەکرێت و خاوەنی پڕۆژەکەش رایدەگەیەنێت کە لە ساڵی داهاتوودا بەشی دووەمی پڕۆژەکە تەواو دەبێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بازاڕە گەورەترین پڕۆژەیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر ٢٠٠ دۆنم زەوی دروستکراوە.
بازاڕی عەلوە و خۆراک لە چەند بەشێکی سەرەکی پێکدێت، کە بریتییە لە دروستکردنی پێنج هۆڵی گەورە بۆ فرۆشتنی سەوزە و میوە و چواردەوری ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە ئەمباری ساردکەرەوە کە توانای هەڵگرتنی ٢٧ تۆن سەوزە و میوەیان هەیە، لە بەرامبەر هۆڵەکانیش ٤٠٠ دوکان دروست دەکرێت بۆ فرۆشتنی خۆراک.
لە لایەکی دیکەی ئەو پڕۆژەیەدا بەشێکی کارگێڕی دروستکراوە کە بنکەی تەندروستی و بنکەی پۆلیسی تێدایە و هاوکات تەواوی ئەو پڕۆژەیەش بە کامێرای چاودێری کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
خاوەنی پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەوەی بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیان لەلا گەڵاڵەبووە، دیزانی پڕۆژەکەیان لە وڵاتی فەڕەنسا هێناوە، بەڵام لەسەر رووبەڕێکی گەورەتر لەوەی فەڕەنسا جێبەجێی دەکەن و بەمەش ئەو پڕۆژەیە دەبێتە گەورەترین پڕۆژە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
خاوەنی پڕۆژەکە، بەدرەدین یوسف ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی جێگاکەمان دەستنیشان کرد و پڕۆژەیەکمان پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ناوەرۆکی پڕۆژەکە بریتیی بوو لە دروستکردنی گەورەترین عەلوە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا باشترین کوالێتی و پێشکەوتووترین سیستەمی تەکنەلۆژیایی بەکارهاتووە بۆ ئەوەی کڕیار بە خێراترین کات بتوانێت ئەو کەلوپەلە بدۆزێتەوە کە پێویستی پێیەتی لەگەڵ ئەوەشدا ستانداردێکی جیهانی بەکارهاتووە بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بۆ ئەوەی جەنجاڵی و خنکانی هاتوچۆ دروست نەبێت، دوای پێشكەشکردنی پڕۆژەکەش، رەزامەندی وەرگیرا و دەستمان بە جێبەجێکردنی کرد".
خاوەنی پڕۆژەکە ئاشکراشی دەکات کە پڕۆژەکە بە چوار قۆناغدا تێپەڕ دەبێت و لە ئێستاشدا قۆناغی یەکەمی تەواوبووە و چاوەڕێ دەکەن دوکانەکان رادەستی بازرگانەکان بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "پڕۆژەکە چوار قۆناغە، قۆناغی یەکەم بریتییە لە پێنج هۆڵی گەورە کە ١٨٨ دوکان لەخۆدەگرێت بۆ فرۆشتنی سەوزە و میوەیە کە ئێستا تەواو بووە و رادەستی بازرگانەکان دەکرێت، قۆناغی دووەم بریتییە لە شوێنی فرۆشتنی خۆراک وەکو برنج و شەکر و کەلوپەلەکانی دیکە کە ئەوەشیان ٤٠٠ دوکان لەخۆدەگرێت و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، بەشی سێیەم بریتییە لە فراوانکردنی ئەمبارەکان و بۆ ئەم مەبەستەش چەند ساردکەرەوەیەک ئامادەیە کە سەرجەمیان توانای هەڵگرتنی ٢٧ هەزار تۆن سەوزەو میوەیان هەیە، قۆناغی چوارەم بریتییە لە ئاشناکردنی جوتیاران بە بەرووبوومەکانی دەرەوە بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەری هەبێت و بەرهەمی خۆماڵی زیاد بکرێت".
بەدرەدین یوسف ئاشکرایشی دەکات کە سیستەمێکی تەکنەلۆژیایی پێشکەوتوو بەکاردێت بۆ ئاسانکاری کڕیار و فرۆشیاران و لەمبارەیەوە گوتی: "سیستەمێکی تۆڕی ناوخۆیی داندراوە، هاوکات تیمێکی شارەزا لە تەکنەلۆژیا بەردەوام رۆژانە ئەو کێبڕکێیە لەسەر شاشەکان نیشان دەدەن بۆ ئەوەی بزاندرێت چ بەرهەمێک دێتە ناو عەلوە و چ بەرهەمێک دەچێتە دەرەوە".
سەبارەت بە بڕی تێچووی پڕۆژەکەش، بەدرەدین یوسف گوتی: "لە هەر سێ قۆناغەکەی سەرەتا، پێشبینیمان کردووە ١٦٥ ملیۆن دۆلاری تێبچێت، قۆناغی یەکەم ٤٣ ملیۆن دۆلاری تێچووە و بەپێی پلانەکە بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٨ تەواو دەبێت، قۆناغی سێیەم کە بریتییە لە فراوانکردنی ساردەکەرەوە کە ئەوەیان چاوەڕێ دەکەین چونکە دەبێت بە پێی پێویستی ئەوکات فراوانی بکەین".
خاوەنی پڕۆژەکە ئاشکراشی کرد کە لە ٨٠ لە سەدی بازرگانەکان تورکین و بابەتەکانییان لە وڵاتی تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەبارەت بە چۆنیەتی رەوتی کارەکانیش، بەدرەدین یوسف گوتی: "لە ئەمباری ساردکەرەوەکان، لە ئێستادا شوێنی هەڵگرتنی پێنج هەزار تۆن تەواو بووە و لەم ساڵەشدا شوێنی هەڵگرتنی پێنج هەزار تۆنی دیکە تەواو دەبێت و لە ساڵی داهاتووشدا تەواوی ئەمبارەکان تەواودەبن کە توانای هەڵگرتنی ٢٧ هەزار تۆنیان هەیە".
وەک جێبەجێکاری پڕۆژەکە ئاماژەی پێدەکات، شەقامێکی تایبەتیان بۆ دەرچوون دروستکردووە، کە ئەو شەقامە عەلوە دەگەیەنێتە سەر شەقامی سەرەکی رێگای مووسڵ و بڕی ٢ ملیۆن دۆلاری تێچووە.
پڕۆژەی عەلوەی نوێی هەولێر دەکەوێتە سەر رێگای هەولێر – گوێڕ و لەسەر رووبەڕی ٢٠٠ دۆنم زەوی دروستکراوە و بە گەورەترین بازاڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.