دەستەی وەبەرھێنان داوای دامەزراندنی بانکێک بۆ گەرەنتی کردن دەکا.
بەپێی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان لە ١/٨/٢٠٠٦ەوە کە دامەزراندنی دەستەکەیە تا رۆژی ٢٩/١٢/٢٠١٣ بڕی ٣٤ ملیار و ٤٩ ملیۆن و ٣٧ ھەزار دۆلار قەبارەی وەبەرھێنانە لەھەرێمدا. لەکۆی ٦٣٤ پرۆژە.
قەبارەی وەبەرھێنانی بیانی ١٦,٦٠%ی کۆی پارەی وەبەرھێنراو و خۆماڵی رێژەی ٧٨,١٦% و ھاوبەشیش ٥,٢٧% بوون.
پارێزگای ھەولێر پشکی شێری لە وەبەرھێنان بەرکەوتووە کە قەبارەی ئەو پارەیەی تێیدا وەبەرھێنراوە ١٨ ملیار و ٤٣٤ ملیۆن و ٤٠ ھەزار دۆلارە.
پارێزگای سلێمانیش بە ١٠ ملیار و ٤٥٩ ملیۆن و ٨٣ ھەزار دۆلار بەپلەی دووەم دێ، پارێزگای دھۆکیش ٥ ملیار و ٥٥ ملیۆن و ١٤ ھەزار دۆلاری تێدا وەبەرھێنراوە.
بەو پێیە زیاتر لە ٥٤%ی قەبارەی وەبەرھێنانی ھەرێم لە ھەولێر بووە.
زیاتر لە ٣٠%یشی لە سلێمانی و زیاتر لە ١٤%یش لەدھۆک بووە.
کۆی ئەو زەوییەشی بۆ وەبەرھێنان لەلایەن دەستەکەوە تەرخانکراوە ٤٨ ھەزار و ٤٩١ دۆنم زەوی بووە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی و کارگێڕیی و دارایی لەدەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، سێ فاکتەر بە ھۆکاری ھەڵکشانی وەبەرھێنان لەھەرێم دەزانێ و دەڵێ ئەو قەبارە وەبەرھێنانەی لە حەوت ساڵی رابردوو لەھەرێمدا کراوەکە ھێشتا وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، زۆرە.
سامان وای بۆ دەچێ بەرقەراریی رەوشی ئەمنیی ھەرێم و ئەو ئاسانکارییانەی حکومەت بۆ وەبەرھێنەرانی دەکا، وایانکردووە قەبارەی وەبەرھێنان لەھەڵشکاندا بێ، لەبارەی ئاسانکارییەکانیشەوە دەڵێ"پێدانی زەوی بۆ پرۆژەکان بە نرخێکی کەم یان بەبێ بەرامبەر بۆ پرۆژە ستراتیژییەکان، ھەروەھا گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتی تا سنووری پرۆژەکە لە لایەن حکومەتەوە، لەوانە رێگەوبان و راکێشانیکارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و گەیاندن، ھەروەھا لێبوردنی پرۆژەکە لەباج بۆ ١٠ ساڵ لە رۆژی دەستبەکاربوونییەوە، بەخشینی گومرک لە سەر پێداویستییەکانی پرۆژەکە کە لەدەرەوە دەھێنرێن."
٢٦ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لەکۆی قەبارەی پارەی وەبەرھێنراو لەھەرێم سەرمایەی خۆماڵی و ٥ ملیار و ٦٥٤ ملیۆنیش وەبەرھێنانی بیانی بوون، ھەرچی وەبەرھێنانی ھاوبەشە گەیشتووەتە ١ ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار.
کۆی ئەو ٦٣٤ پرۆژەیەی لەماوەی ئەو حەوت ساڵەی رابردوو لەھەرێم جێبەجێکراون، دابەش بوون بەسەر سێکتەرەکاندا، سێکتەری نیشتەجێ بوون ١٦٦ پرۆژەی بردووە، ١٥٤ پرۆژەش پیشەسازیی بوون، ١٠٧یش گەشتیاری، پرۆژە بازرگانییەکان ٩٧ و تەندروستی ٣٨ و خزمەتگوزاری ٥ و گەیاندن ٥ و گواستنەوە ١ و فێرکردن ١٦ و کشتوکاڵی ٢٣ و ھونەری ٤ و وەرزشیش ١٦ بوون.
سامان ئەوەیگوت لە یاسای وەبەرھێنانی ھەرێمدا، ھیچ جیاوازییەک لەنێوان وەبەرھێنەری خۆماڵی و بیانی ناکرێ. ئەمەش لەبەرژەوەندیی ئەوەی دواییە.
ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان کە بەھۆی بەرقەراریی رەوشی ئەمنیی بە "عێراقەکەی دیکە" دەناسرێ، بۆتە جێی سەرنجی وەبەرھێنەران و کۆمپانیا بیانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا بەشێک لەوان ناتوانن بەتەواوەتی بێنە ھەرێمەوە بەھۆی چەند کێشەیەک کە پەیوەندیی بە سیستمی دارایی و دەستی کار و چەند گرفتێکی دیکەوە ھەیە.
سامان عارەب لەمبارەیەوە دەڵێ" کاتێ وەبەرھێنەران دێنە ھەرێمەوە بۆ وەبەرھێنان، پێویستییان بە قەرز و بانک گەرەنتی ھەیە، لەبەر ئەوەی لەکوردستان ئەو سیستمەمان نییە ئەوا دەگەڕێننەوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق کە لەوێشدا رۆتێنێکی زۆری تێدەکەوێ، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە."
ئەوەیش ئاشکرا دەکا کە دامەزراندنی ئەو سیستمەیان بۆ سەرووی خۆیان لە ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان کردووە و پێدەچێ لە ئایندەدا دابمەزرێ.
ئەوەشی تێبینی دەکرێ ئەوەیە ساڵی ٢٠٠٦ ساڵانە رێژەی وەبەرھێنان لەھەرێمدا لە زیادبووندا بووە، ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ نەبێ کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێش خۆیان کەمیکردبوو.
ساڵی ٢٠١٣ بە بەروارد لەگەڵ ساڵی پێش خۆی، قەبارەی وەبەرھێنان بەنزیکەی ٨% زیادیکردووە.
یاسای وەبەرھێنانی ھەرێم لەساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، چەندین بڕگە و مادەی تێدایە بەپێی شارەزایان و پەرلەمانتاران و خودی بەرپرسانی دەستەی وەبەرھێنان، پێویستیان بەھەموارکردنەوەیە.
بەڕێوەبەریکاروباری یاسایی و کارگێری و دارایی لەدەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، لەبارەی ھەموارکردنی یاسای وەبەرھێنان دەڵێ: کاتێ یاسای وەبەرھێنان دەرچووە، ھەرێم پێویستی بەزۆرینەی ھەرە زۆری پرۆژەکان ھەبوو، بەڵام ئێستا ھەنگاو چوونەتە پێشەوە و پێویستی بۆ پرۆژەی جیاواز و کوالیتی ھەیە.
دیارترین ئەو ھەموارکردنانەش ئاشکرا دەکا و دەڵێ: داوامانکردووە لێخۆشبوون لە باج لەو پرۆژە ستراتیژییانەی دەبنە ھۆی خزمەتکردنی ژێرخانی ئابووریی لە ١٠ساڵەوە بکرێ بە ١٥ ساڵ، ھەروەھا ماوە بۆ پرۆژەی بیانی درێژبکرێتەوە، ھەروەھا دەرھێنانی پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون لە وەبەرھێنان و سپاردنی بە دەستەی نیشتەجێ بوون کە بۆ ئەو مەبەستە لەھەرێم دادەمەزرێ، لەگەڵ پێداچوونەوە بە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکان.
شارەزایانی ئابووریی لەگەڵ گرنگی بوونی وەبەرھێنان، وای بۆ دەچن پێویستە ھەرێم گرنگی بە کوالێتی ئەو پرۆژانە و گرنگییان بدا کە جێبەجێ دەکرێن.
حکومەتی ھەرێم چەند ساڵێکە کار لەسەر سێ کەرت وەکو ئەولەویەت لە وەبەرھێناندا دەکا ئەوانیش گەشتیاریی، پیشەسازیی، کشتوکاڵی، بەڵام ئەمەی دوایی ھێشتا لەدواوەیە.