ھەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە بریکاری وەزارەتی پلاندانان(شیروان ئەسەد قادر) لەشاری ھەولێر بەشێک لەبودجەی گشتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٤ روونکردەوە.
شیروان گوتی " وەزارەتی دارایی ئاگاداریانکردین لەبودجەی گشتی ٢٠١٤ چوار تا شەش تریلیۆن دینار دابین دەکرێ بۆ پرۆژەکانی وەبەرھێنان، بێجگە لەوەیش نزیکەی ترلیۆنێک دینار دابینکراوە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان".
بریکاری وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکەی حکومەتی ھەرێم خەریکی تاوتوێکردنی پرۆژەکانیانن بۆ ئەوەی ھەر یەکەیان بەگوێرەی پرۆژەکانیان بودجەیان بۆ دابین بکرێت.
بریکارەکەی وەزارەتی پلاندانان ئاشکرایکرد بۆ ئەوەی دابەشکردنی بودجە بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێ، داوەتی چەند پسپۆڕێکی بیانی بانک و داراییانکردووە بۆ ئەوەی دەستباریان بن لەدابەشکردنی بودجەیەکی شەفاف و کاریگەردا.
شیروان رایگەیاند: ٣٣٥٥ پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان، بۆیە ھەوڵی تەواو دەدەن لەکاتی خۆیدا بودجە تەواو بکەن و رەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بکەن.