ھەولێر
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سوتەمەنی پارێزگای ھەولێر رایدەگەیەنێ، بەنزینی سۆپەر و موحەسەن لەبەنزینخانەکاندا قەدەغە کراون.
نزار عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری دابەشکردنی سوتەمەنی ھەولێر بە ئانادۆڵوی راگەیاند "ماوەیەکی زۆرە بەھۆی ساختەکردنی جۆری بەنزین، لە بەنزینخانە ئەھلییەکاندا گەیشتینە ئەو بریارەی لە ١٥ی ئاب بەدواوە و بەنزینی (سۆپەر و موحەسەن) قەدەغە بکەین چونکە کاریگەریی خراپی ھەبووە لەسەر پیسبوونی ژینگە. جگە لەوە زیانی ھەبووە بۆ ژێرخانی ئابووریی و ژمارەیەکی زۆر ئوتۆمبێل بەرھەمی خراپ بەکاردێنن".
محمەد ئیسماعیل یەکێکە لەبەنزینفرۆشەکانی کە پێشتر بەنزینی (سۆپەر و موحەسەن)ی فرۆشتووە، بە ئانادۆڵوی گوت "بڕیارەکەی حکومەت بۆ بەنزینخانەکان تاڕادەیەک زیانی ھەیە، چونکە ئێمە پێشتر سێ جۆر بەنزینمان دەفرۆشت،کەچی ئێستا تەنیا بەنزینی بێجی دەفرۆشین".
بەڵام شۆفێران ستایشی بڕیارەکە دەکەن و دەڵێن قەدەغەکردنی فرۆشتنی ئەو جۆرانەی بەنزین، کارێکی راست بووە.
خەبات ئیسماعیل شۆفیری تاکسییە بریارەکەی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی بەنزینی سۆپەر و موحەسەن بەباش دەزانێ.
گوتی "چەند ساڵێکە کۆمەڵێ سەرمایەدار و بازرگان پارە لەو میلەتە دەکشێنەوە حکومەتیش سەرکەوتوو نەبووە لەکۆنترۆڵکردنیان ھیوادارم ئێستاش بۆ بەنزیخانەکان یەک نرخ دابنێن".
بەڕێوەبەری سوتەمەنیی ھەولێر گوتی "تا ئێستا خاوەن بەنزینخانەکان خۆیان نرخ دادەنێن، ھیچ بریارێکیش نییە بۆ یەکخستنی نرخی سوتەمەنی لە بەنزینخانەکاندا پێویستە حکومەت بریارێکی گشتی دەربکات".
گۆران ئەحمەد زیاتر لە ١٠ ساڵە فیتەرە لەناوچەی پیشەسازیی شاری ھەولێر دەڵێ بەھۆی خراپی بەنزینەوە ئوتۆمبیلەکان زیاتر توشی کێشە دەبن.
پاش دەستھەڵگرتنی لە کارەکەی (گۆران) گوتی "خراپی و تێکەڵکردنی جۆری بەنزینەکان لەکوردستان دەبێتە ھۆی تێکدانی فیت پەمپ و شکاندنی پستۆنی ئۆتۆمبێل و کەمکردنەوەی کێشی ئۆتۆمبیلەکان لەکاتی رۆیشتندا".
لە شاری ھەولێر ژمارەی بەنزیخانە ئەھلی و حکومییەکان زیاتر لە ١٧٠ بەنزینخانەن.
بۆ ھەر تاکسییەک حکومەت ھەفتانە ٨٠ لیتر بەنزین بەبری ٥٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک دەداتە شۆفێران. ھەروەھا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتیش بە کۆبۆن ھەفتانە ٤٠ لیتر بەھەمان نرخ دەداتە شۆفیران.
لە بەنزینخانە حکومییەکانیش نرخی بەنزین لیتری دەگاتە ٨٥٠ دینار.