هەولێر
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو ١٢٠ کەسایەتی دیاری سوننەکانی عێراق لە عەمانی پایتەختی ئوردن کۆنگرەیەکی بەرفراوانیان لەبارەی بارودۆخی عێراق ئەنجامدا، ئەو هەڵوێستەی ئوردن سەرۆکوەزیرانی کاربەرێکەری عیراق نوری مالیکی توڕە کردووە.
مالیکی داوای لەئەندامانی وەزیران کردووە، خوێندنەوە بۆ راگرتنی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ ئوردن تاوتوێ بکەن و لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئوردن بە کۆکردنەوەی سەرکردە سوننەکان، کە دژی بەرەی حکومەتی ئیستای عێراقن.
سەرچاوەیەکی عەرەبی سوننە بە ئاژانسی ئانادۆلوی راگەیاند:وابریارە لە رۆژانی داهاتوو، هەر لەو وڵاتی ئوردن کۆنگرەیەکی بەرفراوانی دیکەی سەرکردە و کەسایەتییەکانی دیاری سووننەکان سازبکرێ، کە پێشبینی دەکرێ ئەمجارە پتر لە ٧٠٠ کەسایەتی دیکەی سوننە بەشداری لەو کۆنگرەیەی عەمان بکات.
حکومەتی عێراق رۆژانە نزیکەی ٢٠ هەزار بەرمیل نەوت وەک هاریکاری بۆ ئەو وڵاتە بەنرخێکی هەرزان بەکەمتر لە ١٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک رەوانەی ئوردن دەکات.
پێشتر وڵاتی ئوردن داوای لە عێراق کردبوو، رێژەی هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ ئوردن بۆ ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا بەرزبکاتەوە.