جيهان, ئابووری

"ناتوانین قەرەبووی کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکاندا بکەین"

ــ وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح: "ناتوانین قەرەبووی ئەو سێ میلۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا بکەینەوە، ئەگەر ھاتوو لە بازاڕەکاندا کەمبووەوە".

Zana Natık Kerem  | 22.10.2018 - نوێکردنەوە : 22.10.2018
"ناتوانین قەرەبووی کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکاندا بکەین"

Riyad

مۆسکۆ ـ AA

وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە توانای دایە بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات، بەڵام ناتوانێت قەرەبووی ئەو سێ میلۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا بکاتەوە، ئەگەر ھاتوو لە بازاڕەکاندا کەمبووەوە.

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی "تاس"ی رووسی، خالید فالح لەبارەی بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوتی سعوودیە ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا بەرھەمھێنانی نەوتی وڵاتەکەی، دەگاتە ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و گوتیشی: "گرەنتی ئەوە ناکەین کە لە ماوەکانى داھاتوودا، نرخی یەک بەرمیل نەوت نەگاتە ١٠٠ دۆلار، چونکە ناتوانم پێشبینی ئەوە بکەم کە چی لە داھاتوودا روودەدات".

وەزیری وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوەشدا کە بە پێی داتاکانی ئەم مانگە، بەرھەمھێنانی نەوتی وڵاتەکە، ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و رایگەیاند "من دەڵێم ئەگەر پێویست بوو، ئەوا ئێمە دەتوانین بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکەین".

لە درێژەی قسەکانیدا، خالید فالح گوتی: "ئەگەر ھاتوو سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە بازاڕەکاندا کەمبووەوە، ئەوە ئێمە ناتوانیین ئەو بڕە بۆ بازاڕەکان دابین بکەین، چونکە لەو کاتەدا دەبێت ئێمە پەنا ببینە بەر یەدەکی نەوت".

سعوودیە بە گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتی خاو لە ئۆپێک و لە سەر ئاستی جیھانیش بەسێیەم وەڵاتی بەرھەمھێنەری نەوت دادەنرێت، جگە لەوەش سعوودیە گەورەترین سەرچاوەی ھەناردەکاری نەوتە کە رۆژانە حەوت ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردەی دەرەوە دەکات.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئێستا سعوودیە دوای کوژرانی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقچی بە رەوشێکی خراپی سیاسی تێدەپەڕێت، خالید فالح گوتی: "لە دەسەڵاتی مندا نییە باس لەو پرسە بکەم، بەڵام سعوودیە وڵاتێکی خاوەن بەرپرسیاریەتییەکی تەواوە، بە درێژایی دەیەکانی رابردوو، ئێمە سیاسەتی نەوتمان بە بەرپرسیارانە پەیڕە کردووە، ھەروەھا لە سیاسیەتیش دوورمانخستووەتەوە".

ترسی ئەوە لای بازاڕەکانی نەوتی جیھان دروستبووە کە لەوانەیە سعوودیە لەو کاتەی بە ھۆی کوژرانی خاشقچی سزای بەسەردا بسەپێندرێت، نەوت وەک ئامرازێکی فشار بەکار بھێنێت.

ھاوکات ھەریەکە لە بریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەبارەی کوژرانی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی راگەیاندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "ھیچ شتێک ناتوانێت رەوایی بەم تاوانە بدات و ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین. بە پەلە پێویستە روونبکرێتەوە کە لە ٢ی تشرینی یەکەم چی روویدا. بۆئەوەی لێدوانەکانی سعوودیە لەبارەی خاشقچی باوەڕ پێکراوبن، پێویستە بەڵگەی سەلمێنراو بخرێتەڕوو".

رۆژی شەممە سعوودیە دانینا بەوەی کە، جەمال خاشقچی کە لە ٢ی ئەم مانگەوە دوای ئەوەی چووە کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ بێ سەروشوێن بووە، رایگەیاند "لە ئاکامی دەماقاڵێ و شەڕکردن لە کۆنسوڵخانە گیانی لەدەستداوە"، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە چۆن چۆنی مردووە".

ھێشتا سعوودیە شوێنی تەرمەکەی جەمال خاشقچی ئاشکرا نەکردووە.

ھەر بەو ھۆیەوە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود، ژمارەیەک گەورە بەرپرسی وڵاتەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە لەوانە جێگری سەرۆکی ھەواڵگری، ئەحمەد عەسیری و راوێژکاری دیوانی شاھانە، سعوود بن عەبدوڵڵا قەحتانی و بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بۆ دووبارە رێکخستنەوەی کارەکانی ھەواڵگری گشتی پێکبھێنێت.

ھەر دوێنێ یەکشەممە، بەرپرسێکی سعوودیە ئاشکرای کردبوو کە ١٨ تۆمەتبار لەو پرسی کوژرانی جەمال خاشقچی دەستگیرکراون و لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵێنەوەدان.

وەزیری وزەی سعوودیە جەختیکردەوە کە گرنگە وڵاتانی جیھان پشتیوانی لە سعوودیە بکەن، چونکە تاکە وڵاتە کە بە چڕی وەبەرھێنان دەکات و گوتیشی: "ئێمە بە دەیان ملیارەھا دۆلار وەبەرھێنان لە بواری یەدەگی نەوتدا دەکەین".

لە کۆتاییدا خالید فالح ئەوەی وەبیرھێناوە کە سعوودیە توانای ھەیە بەرھەمھێنانی نەوتی خاو بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات، بەڵام ئەوە بە بڕی ٢٠ ملیار بۆ ٣٠ی ملیار دۆلار وەبەرھێنانی پێویستە.











بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın