Heman Hussein Yaseen
14 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2026
پارێزگای ھەولێر بڵاویکردووەتەوە کە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندار بڕیار دراوە بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی بەنزینی سەر شۆستەکان یان ئۆتۆمبێلەکانی سەر شەقام.
پارێزگای ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە، ئەمڕۆ سێشەممە پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد و تێیدا قایمقامی ناوەندی ھەولێر نەبەز عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ھەولێر ئاری کاکەشین بەشداربوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری ھەولێر وێڕای ئەوەی دەستخۆشی لە تیمەکانی قایمقامییەتی ناوەندی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان کرد بۆ ڕێکخستن و ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان، ڕایگەیاند: "بەھۆی ئەو ھەوڵانەوە توانراوە کۆنتڕۆڵی کۆالێتی بەنزین بۆ ئاستێکی زۆر باش بکرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە کە پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو جەختی لە نەھێشتنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکانی بەنزینخانەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەھەموو شێوەیەک فرۆشتنی بەنزین بە جلیکان و لەناو ئۆتۆمبێلەکان و لەسەر شەقامەکان ڕێگەپێدراو نییە. ھۆشداریشیدا کە ھەر لایەن و کەسێک بەبێ مۆڵەت و بە ھەر شێوەیەک بەنزین بفرۆشێت، ڕێکاری یاسایی توندی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەڕیوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی ھەولێر و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان، لە نەھێشتنی ئەو گرفت و کێشانەی کە لە ئاکامی ئەو بارودۆخە نەخوارزاوەی ناوچەکە دووچاری ھاووڵاتییان ھاتبوو کە توانرا بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو لایەنەکان بە باشترین شێوەی ئیدارەی ئەو بارودۆخە بدرێت و بازاڕی سووتەمەنی تاڕادەیەک کۆنتڕۆڵ بکرێت.