Dilara Zengin Okay
24 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2022
واشنتۆن-AA
دوای نزیکەی ١٥ ساڵ کارکردن، زنجیرەی قاوەی ستاربەکسی ئەمریکی بڕیاریدا بازاڕەکانی رووسیا جێبهێڵێت.
پاش زنجیرە خواردنگەی خواردنی خێرا، ماکدۆناڵدسی ئەمریکی، ستاربەکسیش کشانەوەی خۆی لە رووسیا ئاشکرا کرد.
لەو راگەیەندراوەدا کە لەلایهن كۆمپانیای ستاربهكسهوه بڵاوکراوەتەوە، ئەوە وەبیرھێنەراوەتەوە کە ستاربەکس لە ٨ی ئادارەوە سەرجەم چالاکییە بازرگانییەکانی لە رووسیا ھەڵپەساردووە.
باس لەوەش کراوە کە کۆمپانیاکە بریاری جێهێشتنی بازاری رووسیای داوه و چیتر خاوەنی براندێک نییە لەو بازاڕە.
ستاربەکس لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بۆ ماوەی شەش مانگ مووچەی نزیکەی دوو ھەزار کارمەندیان لە رووسیا دەدەن و بۆ دۆزینەوەی كاری نوێ لە دەرەوەی ستاربەکس ھاوکارییان دەکەن.
کۆمپانیای ستاربەکس کە لە رووسیا خاوەنی ١٣٠ فرۆشگایە، یەکەم لقی لە وڵاتهكه له ساڵی ٢٠٠٧دا کردەوە و سەرجەم لقەکانی لەلایەن گرووپی ئالشایا-وە بەڕێوەدەبرێت.
لە دوای ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ستاربەکس لە ٨ی ئادار ھەڵپەساردنی سەرجەم چالاکییە بازرگانییەکانی لە رووسیا راگەیاندبوو.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ھێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە پێداچوونەوە بە کارەکانیان لە رووسیا دەکەن، رووی لە ههڵكشان کردووە.
دوایینیان کۆمپانیای ماکدۆناڵدس بوو کە دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ کارکردن کشانەوەی خۆی لە بازاڕەکانی رووسیا و دەستپێکردنی پرۆسەی فرۆشتنی ئاشکرا کردبوو.