Heman Hussein Yaseen
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی داھاتووەوە بەرھەمھێنانی غاز لە دەرەوەی کێڵگەی کۆڕمۆڕ دەست پێدەکات، ھەنگاوێک کە بە گوتەی ئەو، کۆتایی بە تاک سەرچاوەیی دابینکردنی غاز دەھێنێت و توانای بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمدا زیاد دەکات.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، عەزیز ئەحمەد بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاندووە کە ئێستا کێڵگەکانی کۆڕمۆڕ و خورمەڵە دوو سەرچاوەی سەرەکیی غازن، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتووەوە غاز لە دوو کێڵگەی نوێش بەرھەم دەھێنرێت. ئەو ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەم پڕۆژەیە بەرھەمی دوو گرێبەستی گەورەیە کە ساڵی ڕابردوو، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژووی کردبوو بۆ فراوانکردنی بەرھەمھێنانی غاز.
عەزیز ئەحمەد ھەروەھا باسی لە پاراستنی کێڵگەکانی غاز کردووە و ڕایگەیاندووە کە گەرەنتیی پێویست وەرگیراوە تا کێڵگەی کۆڕمۆڕ جارێکی دیکە نەکرێتە ئامانجی ھێرشەکان و لەم بارەیەوە داوای گەرەنتی لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق کراوە.
بە گوتەی ناوبراو، زیادبوونی بەرھەمی غاز بە تایبەتی لەلایەن کۆمپانیای داناغازەوە، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ھاووڵاتیان.
ئەو ئاماژەی بەوەش دا کە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٧ دەبێتە قۆناغێکی وەرچەرخان لە کەرتی وزەی ھەرێمی کوردستان، چونکە بە دەستپێکردنی بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگە نوێیەکان، گوشار لەسەر کێڵگەی کۆڕمۆڕ کەم دەبێتەوە و سەقامگیریی دابینکردنی غاز و کارەبا زیاتر دەبێت.