Ramal Mahmood
14 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی رووسی تراسننەفت، نیکۆڵای تۆکارەڤ رایگەیاند کە پلانیان بۆ ئەوە دانەناوە ئاستی هەناردەکردنی نەوت کەم بکەنەوە.
تۆکارەڤ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزەی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
تۆکارەڤ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوانیش لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدان کە ئەندامانی ئۆپیک کردوویانە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و، گوتی: "بەڵام رووسیا دەستپێشخەرییەکی نییە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی نەوتی هەناردەکراو".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە رووسیا پلانی بۆ ئەوە داناوە تاکو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو رۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە و، گوتی: "تاکو مانگی نیسانی داهاتوو تێکڕا رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل کەمدەکەینەوە".
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای لوک ئۆیڵ، راڤیل ماگانۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیا تێکڕای پشکەکانی خۆیان لە بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا کەم دەکەنەوە.
لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمدا ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک لە ڤیەننا بڕیاریان دا بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بۆ هەر رۆژێک و دایبەزێنن بۆ ٣٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
وەزیری وزەی رووسیاش رایگەیاند لە دۆخی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی ئۆپیکدا، ئەوانیش ٣٠٠ هەزار بەرمیل لەو ١١ ملیۆن و دوو سەد هەزار بەرمیل نەوتەی کە رۆژانە بەرهەمی دەهێنن، کەمدەکەنەوە.