Heman Hussein Yaseen
22 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
ههولێر - AA
بەپێی نووسراوێک بە ژمارە ١٨٤ لە رێکەوتی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ کە فەرمانگەی داواکاری گشتیی لە سلێمانی ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی-٨ی کردووە، تیایدا ھاتووە کە وێنەیەک لە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەشی یاسا و مافی مرۆڤ و ھاوپێچەکانی دەنێرین، بەپێی زانیارییەکان لە دادگاکەتان لەسەر ھەمان بابەت پەڕاوی لێکۆڵینەوە ھەیە و لێکۆڵینەوە تیایدا بەردەوامە.
ئەگەرچی ماوەیەکە دەنگۆی سپیکردنەوەی پارە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و لەماوەی رابردووشدا بەشێک لە چاودێران، ھۆکاری بەرزبوونەوەی بەھای دۆلاریان بۆ سپیکردنەوەی پارە گەڕاندووەتەوە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک بەڵگەنامە، دەنگۆکەی کردووەتە راستی و لەمبارەیەوە دۆسیەیەکی رادەستی دەستەی دەستپاکی عێراق کردووە کە لەماوەی رابردوودا لە رێگای بەڵگەنامەی ساختەوە، گوایا کەلوپەلیان لە مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ-ەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کردووە و لە بەرامبەردا چەندین جار پارەیان حەواڵەی ئێران کردووە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سۆران عومەر لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ھەواڵێکی تایبەت بە سپیکردنەوەی پارە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیوویەتی: ''لە ھەرێمی کوردستان دۆسیەی سپیکردنەوەی پارە لەلایەن (ر.ع )و تۆڕەکەیەوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی-یە، ئاسایش و لایەنی دیکەی ئەمنی و دادگا و داواکاری گشتیی پێویستە کەمتەرخەمی نەکەن لەسەر ئەم تاوانە نێودەوڵەتییە مەترسیدارەی سپیکردنەوەی پارە''.
سۆران عومەر، هەروەها نووسیوویەتی: ''دۆسیەکە ئەگەر ئێوە داشی بخەن لە ئاستی عێراق ھەنگاوی گەورەی بڕیووە و ئەم گەندەڵکارانە لە بەریتانیا بن یان ھەر وڵاتێکی دیکە سەرەنجامیان سزای یاسایی توندە''.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە شێوازی سپیکردنەوەی پارەکە کردووە و رایگەیاندووە: ''(ر.ع) خەڵکی سلێمانی-یە لە بانکی شەرقولئەوسەت لقی سلێمانی خەریکی تەزویرکردنی مەنەفێست و ئەوراقی گومرک بوون و سەدان ملیۆن دۆلاریان سپیکردووەتەوە لە رێگای مەزادی عوملەی بانکی مەرکەزیی، ئەوەی لەپشتیان بووە و کاری بۆکردوون لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و پارەی بۆ سپیکردوونەتەوە و رەشوەی پێداون، ھەمووی ئاراستەی دەستەی نەزاھە و لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆیی و دەرەکیی کراوە تاکو لێپرسینەوەیان لێ بکرێت، ئەو کاتەی وردەکاری ئەم فەزاحەتە گەورە دەخرێتەڕوو شۆک دەبن ئەمانە چییان کردووە بەناوی ھێنانی کاڵا و تەزویرکردنی بەڵگەنامە و بردنەدەرەوەی دۆلار''.
دوای بڵاوکراوەکەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵح وردەکاری زیاتری لەسەر دۆسیەکە بڵاوکردووە بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵێکی بنکەی نیشتمانیی بۆ دیالۆگ کە تیایدا زانیاری وردی دۆسیەکە خراوەتەڕوو لەسەرەتاوە تا ساتی ئاشکرابوونی.
عەلی حەمەساڵح لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ھەواڵێکی بنکەی نیشتمانیی بۆ دیالۆگ-ی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا ھاتووە: ''(ر.ع) راوێژکاری دارایی بانکی شەرقولئەوسەت، بەرپرسی سپیکردنەوەی پارە لە ھەموو عێراق لە رێگای بانکی شەرقولئەوسەت کە خاوەنی تۆڕێکی گەورەیە بۆ سپیکردنەوەی پارە، ئەو ژمارەیەک کۆمپانیای بەناوی ھاووڵاتییانەوە دامەزراندووە بەبێ ئاگاداری خۆیان، ئامانجیشی سپیکردنەوەی پارەیە و لەم رێگایەوە بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی عێراق کە بڕە پارەیەکی زۆریان ھەیە و سامانی گشتییان بردووە، پەیوەندییان بە (ر.ع) کردووە بە مەبەستی سپیکردنەوەی پارەکانیان و سەرەتا بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ لقی سلێمانی بانکەکە''.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەی بنکەی نیشتمانیی بۆ دیالۆگ کە عەلی حەمەساڵح بڵاوی کردووەتەوە ھاتووە: "(ر.ع) ئەو بەڵگەنامە کەسییانەی خەڵک کە لە بانکەکەدا ھەبوون قۆستوویەتییەوە و بەکاریھێناون بەبێ ئاگاداری خاوەنەکانییان و کۆمپانیای بازرگانی پێ دامەزراندووە بە سەرمایەی پێنج ملیۆن دۆلار و ھەژماری بانکی بۆ پێنج پارێزەر کردووەتەوە و پەنجەمۆری ساختە کردووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکە و گواستنەوەی پشکی کۆمپانیاکە بە رێژەی سەدا ١٠٠ بۆ ئەو پارێزەرانە، بۆیەش ئەو کۆمپانیایانەی بەناوی ئەو پارێزەرانە کردووە، بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان ھیچ بەرپرسیاریەتییەکی نەکەوێتە ئەستۆ و بەبێ ئاگاداری خۆیان بەرپرسیارییەتییەکە بکەوێتە ئەستۆی پارێزەرەکان".
هەروەها هاتووە "ئامانجی کۆمپانیاکە وەھمی بووە و لە رێگای بەڵگەنامەی ساختەوە بە ھەماھەنگی چەند فەرمانبەرێکی دەروازەی باشماخ (مەرزی نێودەوڵەتیی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان) ئەو بەڵگەنامە ساختانە کراونەتە بەڵگەنامەی فەرمیی وەک ئەوەی کە گوایا کەلوپەل و پێداویستی لە دەروازەی باشماخ-ەوە ھاوردە کردبێت و لە راستیشدا ھیچ کەلوپەلێک ھاوردە نەکراوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو ھاوردە ساختەیە پارەی ناردووەتە وڵاتی ئێران، ھاوکات سەرجەم بەڵگەنامەکان ئاراستەی بانکی ناوەندیی عێراقی کراون بۆ ئەوەی بڕە پارەی پێویست بخرێتە سەر ھەژماری بانکیی لە وڵاتێکی دیکەوە".
لە بەشێکی دیکەدا، ھاتووە کە بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، پشتڕاستیان کردەوە کە بانکی شەرقولئەوسەت خراوەتە لیستی گەمارۆکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە.
هەروەها باس لە چۆنییەتی ئاشکرابوونی بابەتەکە کراوە و هاتووە "لەوکاتەی ھاووڵاتییەکان بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت (بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراقی، ئەوانەی بازرگانن بەشە خۆراکی مانگانەیان پێ نادرێت) و بەدواداچوون دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە کۆمپانیای بازرگانی بەناوە بەبێ ئەوەی ئاگادار بن.
ھاووڵاتییانی ئاسایی زانیوویانە کە کۆمپانییەک بەناوی ئەوان کراوەتەوە (لەو کاتەی کە بەشە خۆراکی مانگانەی بڕاوە، ئەمەش بەھۆی بڕیارێک کە بازرگانەکان مافی وەرگرتنی بەشە خۆراکی مانگانەیان نییە)، دوای بەدواداچوونی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆیان دەرکەوتووە کە (ر.ع) کۆمپانیای بەناوی ئەو ھاووڵاتییانە کردووەتەوە بەبێ ئاگاداری و زانینی خۆیان، دواتر سەردانی بانکی شەڕقولئەوسەت-یان کردووە، (ر.ع) داوای لێکردوون لە بەرامبەر بێدەنگبوونییان لەسەر بابەتەکە، مانگانە بڕی ٧٠ ھەزاریان پێ بدات".
ئەوەشخراوەتەڕوو، دواتر ئاسایشی نیشتمانیی و ھەواڵگری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو ھاووڵاتییانە دەرکردووە، چونکە باج-یان نەداوە، باجەکە لەسەر ھاووڵاتییەکان بڕی ٣٠ ملیار دینار بووە، بۆیە ھاووڵاتییەکان چوونەتە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی داوای یاسایی لەسەر (ر.ع) و ئەوانەی لەگەڵیدان تۆمار بکەن و لەئێستادا دۆسیەکە لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی-یە.
بەپێی بەشێکی دیکەی ھەواڵەکە ئاماژە بەوەکراوە کە دوای ئەوەی ھاووڵاتییەکان سەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سۆران عومەر دەکەن، دۆسیەکە بەتەواوی رادەستی دەستەی دەستپاکی عێراق دەکرێت لە بەغدا.
ئاشکراش کراوە ئەو دۆسیەیەی کە لەلایەن سۆران عومەر پێشکەشکراوە، چاوەڕێی رێکارەکانن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ناویان لە دۆسیەکەدا ھاتووە وەک بەرپرسی لقەکانی بانکەکە لە ھەرێمی کوردستان (ع.س.ع) کە بە بەرپرسی ھەرە گەندەڵ لە دۆسیەکە ناوی ھاتووە، بەو پێیەی نێوەندگیری کردووە لەنێوان (ر.ع) و ناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە نووسراوەکەدا ھاوپێچ کراوە و رەوانەی دەستەی دەستپاکی عێراق کراوە.