Rewa Mahmut Hasan,Muhammet Ali Kemal
09 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2017
عەنتاب - AA
جووتیارانی عەنتاب و ئورفا لەناو باخچەکانی عەنتابدا کار دەکەن کە لەسەدا ٨٠ی فستقی تورکیا دابین دەکەن و لە ئێستادا بە هۆی ئەوەی کە ئەو جۆرە درەختە بەرگەی کەم ئاویی و پلەکانی بەرزی گەرما دەگرێت، جووتیاران زیاتر سەرقاڵی چاندنی ئەو درەختەن.
فستق لە تەواوی تورکیادا لەسەر ٣ ملیۆن و ١٣٤ هەزار دۆنم زەوی دەچێنرێت.
بەڕێوەبەری پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە فستقی عەنتاب، دکتۆر نەوزاد ئەسڵان ئاماژە بەوە دەکات کە بەرهەمی فستقی عەنتاب بەشێکی زۆری لە ئورفا و شاری عەنتاب بەرهەم دەهێنرێت.
ناوبراو گوتی: "بە پێی کارێکی پێشووترمان، ٢٥٠ هەزار کەس و لە ئێستاشدا نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کار دەکەن لەسەر کشتوکاڵی عەنتاب. فستقی عەنتاب لەناو کەرتی پیشەسازی خۆراک و دروست کردنی پاقلاوە و چەرەزاتدا، رۆڵێکی گرنگی هەیە".
نەوزاد ئاسلان ئاماژە بەوە دەکات کە فستقی عەنتاب لەسەر یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆنم زەوی بەرهەم دەهێنرێت کە ساڵی رابردوو ئەو بڕە زیادی کردوووە و بە هۆی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەواوە کە هیچ کاریگەریی لەسەر ئەو درەختە نابێت، بۆیە زۆرێک لە جووتیاران روویان کردۆتە چاندنی فستق.
ئاسڵان باسی لەوەکرد کە چاوەڕوان ئەوە دەکەن ئەمساڵ بەرهەمی فستقیان کەم بێت و گوتی: ''بە پێی پێشبینییەکانی دەزگای ئاماری تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی فستق ٨٥ هەزار تۆن بێت. ساڵانێکی دوور و درێژ، تێکڕا ١٢٠ هەزار تۆنمان بەرهەم هێناوە. ئەو ژمارە پێشبینیکراوە لە تێکڕا نزمترە بەڵام ژمارە یەکلاییەکان دوای ئەوە رووندەبێتەوە کە کارە مەیدانییەکان تەواودەبن''.
نەوزاد ئاسڵان باسی لەوەکرد کە درەختی فستق لەو جۆرە دەرختانەیە کە بە کەشوهەوای ناوچەکە راهاتووە و رایگەیاند:
''بەرگەی وشکەساڵی و گەرما دەگرێت. ساڵانێکی درێژە بەرهەم دەهێنرێت. لە ناوچەکەماندا درەختی ٦٠٠-٧٠٠ ساڵەی فستق هەیە. فستقەکە پێویستی بە پلەیەکی گەرمی دیارییکراو هەیە بۆ ئەوەی کە پێبگات. لەبەر ئەوەش کە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو گونجاوترینە، باشترین جۆری بەرهەمی فستق هی ئەم ناوچانەیە. لەبەر ئەوە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکەماندا لەماوەی رابردوودا، کاریگەریی نەرێنیی ناکاتە سەر بەرهەمی فستق. چونکە بەرهەمەکە خۆی پێویستی بە پلەی گەرمای بەرز بۆ ماوەیەکی درێژ هەیە''.