جيهان, ئابووری

بەڕێوبەری پێشووی کۆمپانیای نیسان هۆکاری هەڵاتنی لە ژاپۆن ئاشکرا دەکات

- کارلۆس غوسن بەهۆی ئەوەی هیچ هەلێکی بردنەوەی دادگاییەکەی نەبووە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا بەشێوەی نایاسایی لە ژاپۆن هەڵاتووە.

Ahmet Furkan Mercan  | 13.10.2021 - نوێکردنەوە : 14.10.2021
بەڕێوبەری پێشووی کۆمپانیای نیسان هۆکاری هەڵاتنی لە ژاپۆن ئاشکرا دەکات

Tokyo

تۆکیۆ- AA

سەرمایەداری بەڕەچەڵەک لوبنانی، کارلۆس غوسن کە پێشتر بەڕێوبەری کۆمپانیای نیسان بوو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەبەر ئەوەی "لە وڵاتێکدا کە رێژەی سزادان تیایدا سەدا ٩٩،٤ بێت" نەیدەتوانی داکۆکی لە خۆی بکات لە ژاپۆن هەڵاتووە و گەڕاوەتەوە لوبنان.

کارلۆس غوسن کە لەئێستادا لە لوبنان نیشتەجێیە و لە لیستی داواکراوەکانی پۆلیسی نێودەوڵەتیی (Interpol) دایە لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی میدیایی "NHK"ی ژاپۆنی باسی لە قۆناغی هەڵاتنەکەی کرد.

بەڕێوبەری پێشووی کۆمپانیای نیسان ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەوەی هیچ هەلێکی بردنەوەی دادگاییەکەی نەبووە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا بەشێوەی نایاسایی لە ژاپۆن هەڵاتووە، گوتیشی: "دەمزانی لە وڵاتێکدا کە رێژەی سزادان تیایدا سەدا ٩٩،٤ بێت، ناتوانم داکۆکی لە خۆم بکەم".

کارلۆس غوسن ئاماژەی بەوەش دا کە هەڵاتن تەنها رێگاچارە بووە بۆی و باسی لەوەش کرد کە بەرلەوەی لەڕێگەی فڕۆکە تایبەتییەکەیەوە ببرێتە دەرەوەی ژاپۆن، لەناو سندوقێکی گەورەدا خۆی شاردوەتەوە تا گەیەندراوەتە فڕۆکەکەی، بەختیش یاوەری بووە کە ئەو سندوقەی خۆی تیادا حەشارداوە، بە پشکنینی تیشکیدا تێنەپەڕیوە.

بەڕێوبەری پێشووی کۆمپانیای نیسان، کارلۆس غوسن داواشی لە بەرپرسانی ژاپۆن کرد دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی رادەستی بەرپرسانی لوبنان بکەن، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە بەرپرسانی ژاپۆن لە ترسی ئەوەی پیلانگێڕییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای نیسان ئاشکرا نەبێت، ئەم دۆسیانە بڵاوناکەنەوە.

کارلۆس غوسن باسی لەوەش کرد کە لە لوبنان ژیانێکی بەختەوەری هەیە و گوتی: "بەختەوەر و سەرقاڵم، ئەو کارە دەکەم کە حەزم لێیەتی، کارەکەشم بریتییە لەوەی لە زانکۆ خۆبەخشانە وانەکانی تایبەت بە ستراتیج دەڵێمەوە و کتێب دەنوسم. شانازی بەوەوە دەکەم کە خەڵکی لوبنان-م، گەلەکەشم پشتیوانیم دەکات".

سەرۆکی پێشووی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای نیسان، کارلۆس غوسن لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا بەهۆی دابەزینی قەبارەی قازانجی ساڵانە و پڕکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی وەبەرهێنانە تایبەتەکانییەوە بەریکەوتووە لەسەر پشکی کۆمپانیاکە، بە تۆمەتەکانی "گەندەڵی دارایی" و "خراپ بەکارهێنانی پۆست" لە ژاپۆن دەستبەسەر کرا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın