Heman Hussein Yaseen
13 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2026
کۆمپانیای دانە غاز لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە دەست بە بەرھەمھێنانی غاز دەکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەکانی ڕابردوودا بەھۆی گرژییەکانی ناوچەکە و بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی کارمەندەکانیان و پاراستنی کێڵگەکە، غازیان بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ بەرھەمدەھێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی نیسان، کۆمپانیای دانە غازی ئیماڕاتی لە ڕاگەیاندراوێکدا دەستپێکردنەوەی غازیان لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە، لەو ماوەیەدا کۆمپانیاکە لە نزیکەوە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە حکوومییەکان ھەبووە، ھەروەھا بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانییان، ڕێوشوێنی کارپێکردنی زۆر وریایانە و پارێزراویان گرتووەتەبەر.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی غاز لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەژمار دەکرێت و لە چەند ساڵی رابردووشدا چەندین جار رووبەڕووی ھێرشی درۆن و مووشەکی بووەتەوە و مانگی ڕابردووش بەھۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، وەک خۆپارزێزییەک بۆ کارمەندان و ژێرخانی کێڵگەکە، بەرھەمھێنانی غازیان لە کێڵگەکە کەم کردبووەوە.