Dilara Zengin Okay
03 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2022
واشنتۆن – AA
بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ جاری چوارەم لەسەریەک سیاسەتی سوودی ٧٥ خاڵی بنەڕەتی بۆ مەودای نێوان لەسەدا ٣،٧٥-٤،٠٠ بەرزکردەوە کە لە ماوەی ١٤ ساڵدا بەرزترین ئاستە.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری زیادکردنی رێژهی سوود بە کۆی دەنگ دەرکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئامانجی لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی (FOMC) زۆرترین دامەزراندن و لە مەودای درێژخایەندا ھەڵاوسان بە رێژەی لەسەدا دوو بەدەستبھێنێت و بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم ئامانجانە بڕیاردرا رێژەی سندوقە فیدراڵییەکان بۆ مەودای نێوان ٣،٧٥-٤،٠٠ لەسەدا زیاد بکرێت.
بەمشێوەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سیاسەتی سوودی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨وە تا ئێستا بۆ بەرزترین مەودا بەرزکردووەتەوە. چاوەڕوانییەکانی بازاڕیش بە ئاراستەی ئەوەوە بوو کە سیاسەتی سوودی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (Fed) لە چوارەم کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەکدا ٧٥ خاڵی بنەڕەتی بەرزبکرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکادا ئەوە خراوەتەڕوو کە دوایین پێوەرەکان ئاماژە بە گەشەیەکی گونجاو لە خەرجییەکان و بەرهەمەکان دەکەن و لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا هەلی کار بەهێز بووە و بێکاریی دابەزییەوە.