ئیزمیر
دوای خستنە بازاڕی ئەو جلە زێڕینە سێ كیلۆگرامییەی بە بەكارھێنانی ٧٨ ھەزار پارچەی ئاڵتوون ئامادەكرابوو، لەلایەن ھەشت كڕیارەوە داواكراو چەندینی دیكەش لە چاوەڕوانیدان.
خاوەن شوێنی زێرنگرەكە ئەحمەد ئاتاكان بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: "ئەو كارەی ئێمە كردمان زۆر بوێرانە بوو، چونكە ھیچ زێڕنگرێ ئامادە نییە ھەنگاوێكی لەم جۆرە بنێ، بەتایبەتی لە ھەرێمی ئیجە، تا ئێستا شتی وا نەبووە. شەش مانگ بەر لە ئەمڕۆ دەستمانكرد بە ئامادەكردنی جلێكی زێڕین كرد لەسەر دیزاینێكی فۆلكلۆری، بۆ ئەو مەبەستە ئاڵتوونی عەیار ٢٢مان بەكارھێنا."
ئاتاكان ھەروەھا گوتی: "حەوت وەستای لێھاتوو كاریان لەسەر ئەو جلە زێڕینە كردووە، نرخی ئێستای جلەكە سێ سەد ھەزار لیرەیە. لەسەرەتادا واماندەزانی بەزەحمەت دەفرۆشرێ ، بەڵام سەیرمانكرد كڕیاران زۆر لەوە گەرموگوڕتر بوون كە بیرمان لێدەكردەوە، تا ئێستا ھەشت دانەمان لێ فرۆشتووە. ھەموویمان دروستنەكردووە، بەڵام داواكاری ھەیە و ئێستا وەستاكانمان بە بەردەوامی كار بۆ دروستكردنی جلی زێڕین دەكەن، تا سەری ساڵ ١٠ دانە تەواو دەكەین. بەھۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر لە دەوڵەمەندانی وڵات كەوتوونەتە ناوچەكە، فرۆشی جلی زێڕین لە ئاستێكی باشدایە و ئێستا چەندین كڕیار لە چاوەڕوانیدان و سەرەیان بۆ دانراوە. سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی جلەكان ھەر وەك خۆیانن و گۆڕانكاریی تێیدا نەكراوە."
ئاتاكان لەبارەی كڕیارانەوە گوتی: "ئەوانەی داوای جلەكە دەكەن زیاتر بازرگان و ئاغای عەشیرەتەكانن، تا ئێستا پێوانەی ستاندارت بۆ دروستكردنی جلەكان بەكاردەهێنین، بەڵام لە ساڵی نوێدا بڕیارمانداوە بەگوێرەی كڕیارەكان جلەكە ئامابكەین، بێگومان ئەگەر داواكار قەڵەوتر بێ ئەوا بۆی ھەیە نرخی ستاندارت ببەزێنێ، بەپێچەوانەوە ئەگەر لاواز بێ ئەوكات بڕە پارەیەكی كەمتر دەدا."