Zana Natık Kerem
06 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2026
ھەولێر ــ AA
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو "میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەربە ئێران" له ڕێگاي ئهنجامدانى دوو هێرشی جياوازهوه، ھەوڵیانداوە ژمارەیەک دیپلۆماتکارانی ئێمە لە عێراق تیرۆر بکەن.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاوکراوەتەوە تیایدا ھاتووە: "شەوی ڕابردوو، میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران دوو ھێرشی جياواز و قێزەونیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئهوهيش وهك ھەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمریکا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەم دواییانە سەدان ھێرش لە ناو خاکی عێراقدا بۆ سەر دامەزراوەکانی عێراق، ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەنجامدراون".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "لە میانەی ئەم ھێرشە تیرۆریستییە قێزەونانە بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانمان، چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە دەستبەجێ بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات بۆ وەستاندنی ھێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و ڕێگاش بە میلیشیا تیرۆریستییەکان نەدات، بۆ ئەوەی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی ھێرشەکانیان بەکاربھێنن".
ھەروەھا باڵیۆزخانە ئەمریکا لە بەغدا جەختی لەوەش کردووەتەوە: "ئەگەر حکوومەتی عێراق نەتوانێت بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، ئەوە خۆمان بەبێ دوو دڵی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی کارماندان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانمان لە عێراق دەگرێنەبەر".
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە بڕی سێ ملیۆن دۆلار دەدن بە ھەر کەسێک کە زانیاری ھەبێت سەبارەت بە ھێرشەکانی سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا یان شوێنی ئەو میلیشیا تیرۆریستیانەی کە ھێرشەکانی سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدەدەن.