Heman Hussein Yaseen
04 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2020
ھەولێر- AA
قەدەغەی ھاتوچۆ لە ھەولێر لە کۆتا رۆژی خۆیدا بەردەوامە و ھێزە ئەمنییەکان لە سەر شەقامە سەرەکیییەکانی بڵاوەیان پێکراوە.
بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر لە رۆژی ٣٠ی حوزەیران تا چواری تەمووز قەدەغەکردنی ھاتۆچۆی لە سنووری پارێزگای ھەولێر راگەیاند.
بڕیارەکە کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ٣٠ی حوزەیران کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، ھاووڵاتییان پابەندی بڕیارەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێرن و سەرجەم بازاڕ و دوکانەکان داخراون، ئەو شوێنانە نەبێت کە لە بڕیارەکەدا رێگە بە کرانەوەیان دراوە.
ئەمڕۆ کۆتا رۆژی قەدەغەکردنی ھاتوچۆیە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و بڕیار وایە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەبارەی بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ کۆببێتەوە و دواتر پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی بەیاوەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر دکتۆر دلۆڤان موحەمەد لەھۆڵی سەعد عەبدوڵا ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە قەدەغەی ھاتووچۆ سازبکەن.