Bayram Altuğ
17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2020
جنێڤ - AA
دواى خێرا تەشەنەكردنى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە وڵاتەكە، حكومەتى سويسرا بارى نائاسايى راگەياند.
حكومەتى فيدڕاڵى بە سەرۆكايەتى سەرۆكى كۆنفێدراسيۆنى سويسرا سيمۆنێتا سۆمارۆگا، لە بێرنى پايتەخت بۆ تاوتوێكردنى گرتنەبەرى رێوشێون و بڕيارى تايبەت بە ڤايرۆسى كۆرۆنا كۆبوونەوە.
سۆمارۆگا، لە روونكردنەوەيكدا، رايگەياند لە كاتژمێر ١٢ى ئەم شەوەوە بارى نائاسايى لە وڵاتەكە دەستپێدەكات.
لە چوارچێوەى بارى نائاساييدا، هەشت هەزار سەربازى سوپا بەشداردەبن لە كارەكانى بەرەنگاربوونەوەى پەتاكە، خزمەتى لۆجيستى و ئەمنى بۆ كارمەندانى تەندروستى دابين دەكەن.
جگە لەوە، خواردنگە و شوێنەكانى رابواردن دادەخرێن، چالاكييە گشتييەكان هەڵدەوەشێنرێتەوە. وێستگەكانى سووتەمەنى، بانكەكان، وێستگەكانى شەمەندەفەر، پۆستەخانەكان، فەرمانگە گشتييەكان و ئوتێلەكان بە كراوەيى دەمێنێتەوە.
هەر لە چوارچێوەى ئەو بڕيارەدا، رێوشێونى توند لەسەر سنوورەكان دەگرێنەبەر، تەنها هاووڵاتيانى سويسرا، ئەوانەى مۆڵەتى مانەويان هەيە و ئەو كەسانەى بۆ گشتيارى كار دێن بۆيان هەيە بێنە ناوەوەى وڵاتەكە.
بەرپرسانى حكوومەت جگە لەوە، ئاگادارى هاووڵاتيانيان كردەوە كە خۆراكى پێويست لە وڵات هەيە و پێويست ناكات هێرش بكەنە سەر فرۆشگاكان.
شايەنى باسە، تاكو ئێستا لە سويسرا دوو هەزار ٥٣٥ حاڵەتى تووشبوون و ١٨ گيان لەدەستدان بە ڤايرۆسى كۆرۆنا تۆماركراوە.