Hüseyin Demirci
09 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2023
قەرس - AA
زانایان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە قۆناغی پەتای کۆرۆنا گۆڕانکاری لە ژیانی گیاندارە شیردەرەکاندا دروست کردووە و جوڵەی ئەم گیاندارانە بە رێژەی لە سەدا ٧٣ زیادی کردووە.
شاندێکی زانایان لە ٣٤ وڵاتی جیهان لێکۆڵینەوەیان لە رەوشی ژیانی ٤٣ ئاژەڵی شیردەر لە قۆناغی سنووردارکردنەکانی پەتای کۆرۆنادا کردووە.
سەرۆکی رێکخراوی سرووشتی باکوور و مامۆستا لە زانکۆی کۆچ، پ.د. چاغان شەکەرچیئۆغڵو کە یەکێکە لە زانا بەشداربووەکانی لێکۆڵینەوەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە پەتای کۆرۆنا، کارەساتێکی مەترسیدار بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس، لە هەمان کاتدا هەلێکی بێهاوتاش بوو بۆ لێکۆڵەرانی بواری سرووشت.
شەکەرچیئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا ئاژەڵان دابەزیون بۆ ناو شارەکان، تەنانەت لە ناوەندی شاری سانتیاگۆی پایتەختی شیلی شێر بیندراوە، کاتێکیش جووڵەی زیندەوەران لە مانگەکانی کانوونی دووەم بۆ ئایاری ٢٠٢٠ کە زۆرترین قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرتاسەری جیهان تێدڕاگەیەندرابوو بە هەمان قۆناغی ٢٠١٩ بەراورد کراوە ئەوە دەرکەوتووە کە جموجۆڵی گیانداران تەنها لە ١٠ رۆژی ئەو قۆناغەدا یەکسان بووە بەهەموو ساڵی ٢٠١٩.
نابراو گوتیشی: "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا بینیمان کە لەو شوێنانەی کەرەنتین کراون جوڵەی ئاژەڵان بە رێژەی لە سەدا ٧٣ زیادی کردووە. واتە لەگەڵ کەمبوونەوەی رێژەی هاتوچۆی مرۆڤەکان، ئاژەڵەکان شوێنی نوێیان دۆزیوەتەوە و زیادتر بڵاوبوونەتەوە. بەهۆی کەمبوونەوەی ترافیکیشەوە ترسی ئاژەڵان کەمبووەتەوە".