Hüseyin Yıldız
07 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2023
ئیدر - AA
دوای ئەوەی باڵندە کۆچەرییەکان بەرەو گەرمیان کۆچیان کرد، گۆلاوەکانی دامێنی چیای ئاگری بوونە پەناگەی باڵندە ناوخۆییەکان.
ئەو گۆلاوانە دەکەونە سنووری ئیدارەی پارێزگای ئیدر و شارۆچکەی بایەزیدی سەر بە پارێزگای ئاگری، لە وەرزەکانی بەهار، هاوین و پایزدا، دەبنە پەناگەی سەدان باڵندەی کۆچەری.

لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوا، باڵندە کۆچەرییەکان بەرەو گەرمیان کۆچ دەکەن، بەم شێوەیەش گۆلاوەکان بۆ باڵندەکانی ناوچەکە دەمێننەوە.
بەڕێوبەری ناوەندی لێکۆڵینەوە و باڵندەناسیی زانکۆی ئیدر، د. ئەمرا چەلیک لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە گۆلاوەکانی دامێنی چیای ئاگری، لە هەموو وەرزێکدا بۆ باڵندەکان، گرنگن.

- "هەموو باڵندە کۆچەرییەکانی ئیدر بەرەو باشوور کۆچیان کرد"
چەلیک باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر باڵندە لەو گۆلاوانەوە کۆچیان کردووە و رایگەیاند "لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوا، کۆچی باڵندەکان لە نیوەی باکووری گۆی زەوییەوە بەرەو نیوەی باشووری گۆی زەوی، دەستی پێ کرد، بەڵام لە ئێستادا ئەو کۆچە کۆتایی هاتووە. لەم چوارچێوەیەشدا تەواوی باڵندە کۆچەرییەکان ئیدریان بەجێهێشتووە و تەواوی گۆلاوەکان بۆ باڵندە ناوخۆییەکانی ناوچەکە ماونەتەوە. لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوینیش باڵندە کۆچەرەکان روو لێرە دەکەنەوە و لە وەرزی زستانیشدا باڵندەکانی ناوچەکە لێرە دەمێننەوە، واتە ئەم گۆلاوانەی ئیدر لە هەموو وەرزێکدا بۆ باڵندەکان گرنگن".

ناوبراو ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە پارێزگای ئیدر لەسەر رێگای کۆچی باڵندە کۆچەرییەکان و رایگەیاند "لە میانی لێکۆڵینەوە و چاودێرییەکانی ئەمساڵماندا، هەندێک رووەکمان لە ناوچەکەدا دۆزییەوە کە ماددەی خۆراکی دەوڵەمەندیان تیادایە بۆ باڵندەکان. چاودێرییەکانیشمان لەو بوارانەدا چڕتر کردەوە. لەگەڵ گەرمبوونی کەشوگەوا، ئەو کارانە تەواو دەکەین کە بەناتەواوی ماونەتەوە. لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەمان لەسەر چەند باڵندەیەکی گرنگی ناوچەکە دەستپێکردووە و لەگەڵ هاتنی بەهاریش بەردەوام دەبین".