سلێمانی
ئەمڕۆ لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و چالاكوانانی بواری ژینگە و ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی شارەكە، چەند چالاكییەكی تایبەت بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژینگەوە ئەنجام دران، چالاكییەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی بە سپۆنسەری كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەڕێوە چوو.
لەو چالاكییانەدا جگە لە پێشكەشكردنی وتار و نمایشكردنی خواردنی كوردەواری و پێشانگای فۆلكلۆری و كاڵای بەكارهاتوو، خەڵاتی تایبەتی ئەو كەسانە كرا كە هاوكاری پاراستنی ژینگەن یان رۆژانە لە باخچە و پاركەكاندا كار دەكەن و رۆڵیان هەیە لە پاك rاگرتنی ژینگە و پاراستنی باخچەكاندا.
سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاكکردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان سەمەد محەمەد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییەی لە جیهاندا رووی داوە و كاریگەری لەسەر كەشوهەواو ژینگە كردووە هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە، لە هەرێم كۆمەڵێك كێشەی ژینگەییمان هەیە لەوانەش بە شێوەیەكی زانستی چارەسەری خۆڵ و خاشاك ناكرێ، هەروەها ناتوانرێ سوود لە ئاوی بەكارهاتوو وەربگیرێ و جارێكی تر بەكار بهێنرێتەوە. ئەو زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: "رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی ستانداردی جیهانی نییە، جگە لەوانە هۆكارەكانی گواستنەوە وەك پێویست نین و ژمارەی ئۆتۆمبێل رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەو كێشانەدا ژینگەی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە قۆناغی مەترسیدار و حكوومەت هاتووەتە سەر خەت بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان".
سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاكردنی ژینگەی هەرێم ئاماژە بەوەش دەكات ئاستی هۆشیاری ژینگەیی لەلای تاكی كورد وەك پێویست نییە، دەستەكەشی بەرنامە و پلانی هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی زیاتر و گوشاركردن لەكارگەكان بۆ دانانی پاڵاوتە و دانانی هۆشیاری ژینگەیی لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا".
شاری سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق لە روی ئاستی سەوزایی و ژینگەوە پلەی یەكەمی هەیە و زۆرترین رێژەی سەوزایی هەیە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی هاوژین عوسمان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "رێژەی سەوزایی لە سلێمانی تا كۆتایی ساڵی 2014 گەیشتە لەسەدا 9,5 ، لەهەوڵی بەردەوامداین و چەند هەنگاوێكمان ناوە بۆ گەیاندنی بە ئاستی ستانداردی جیهانی كە لە سەدا 15 یە".
لەشاری سلێمانی 521 باخچەی گەورە و بچوك و 83 باخچەی نێوان شەقامەكان هەیە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردووش یەكەم شاری عێراق بووە لە روی سەوزاییەوە.
هەر لە چوار چێوەی چالاكییەكانداو لەلایەن رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی بە هاوكاری رێكخراوی ئایندە و ژینگەی سلێمانی پێشانگایەكی تایبەتی خواردنی كوردەواری كرایەوە.
سەرپەرشتیاری پێشانگاكە دڵسۆز عەزیز بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لەم پێشانگایەدا 25 جۆری خواردنی كوردەواری نمایش كراوە، ئامانجمان بایەخدان بە خۆراكی كۆنی كوردەواری خۆمان و گەڕانەوەیە بۆ سرووشت، چونكە زۆربەی نەخۆشییەكانی ئێستا بەهۆی دوركەوتنەوە لە خۆراكی تەندروست و كوردەواری و پەنا بردنە بۆ خۆراكی ئامادەكراو و خێراو لە قوتو نراو".
لەلای خۆیانەوە 65 قوتابی خوێندنگەیەكی ئامادەیی شارەكە نمایشێكی تایبەتی جلوبەرگەكانی خۆیان كرد، كە لەرێگەی كاڵای بەكارهاتوو فڕێدراوەوە دروستیان كردبوو.
لەلای خۆیەوە تۆڕی زەوی لەرۆژی ژینگەی كوردستاندا دەستیان کرد بە ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی جۆراوجۆر، سەرەتا رێپێوانێكی پاسكیل سواری لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی بۆ بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام داو یاداشتێكی لەبارەی ژینگەوە ئاراستەی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كرد. دواتر لەبەردەم نووسینگەی پەرلەماندا پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی تایبەت بە ژینگە كرایەوە.