Ramal Abdullah Mahmood
27 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2017
شاکیر کایادان-ی تەمەن ٥١ ساڵ هەڵگری پێنج بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانکۆی تەکنیکی ئۆرتادۆغو (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، زانکۆی ئاتڵم و زانکۆی ئانادۆڵو.
کایادان کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگی دەرچوونی لە زانکۆی ئانادۆڵو هاتبووە ئەسکی شەهیر، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە شاری ئەنقەرە دەژی و لەوێ لە دامەزراوەیەکی گشتییدا کار دەکات.
کایادان ئاماژەی بەوە دا ژیانی خۆی بۆ خوێندن تەرخان کردووە و ساڵانێک لەمەوبەر بەشی کیمیای زانکۆی تەکنیکی ئۆرتادۆغوی تەواو کردووە و دواتریش لە هەمان بوار بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە.
کایادان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دواتر بەشی کارگێڕی گشتیی زانکۆی ئانادۆڵوی خوێندووە، گوتی: "بەدوای ئەمیشدا بەشی پڕۆگرامسازیم زانکۆی ئاتڵم بە ریزبەندی یەکەمەکان تەواو کردووە. پاشان بەشی وەگەڕخستنی کۆلێژی خوێندنی کراوەم زانکۆی ئانادۆڵو تەواو کرد و ئێستاش بەشی داد تەواو دەکەم. زۆر هەست بە دڵخۆشی دەکەم".
کایادان وێرای بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامانە و هەوڵدانی بۆ خوێندن لە داهاتوودا، تارادەیەک زمانی ئینگلیزی، عەرەبی، فەڕەنسی و ئەڵمانی دەزانێت.
کایادان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە تەمەنێکی دیاریکراو نییە بۆ خوێندن، گوتی: "گرنگ ئەوەیە ئەوەی خوێندومانە لە ژیانی رۆژانەماندا جێبەجێی بکەین و بۆ نەوەی دوای خۆمانی بگوازینەوە. وزەی گەنجان سوود لە ئەزموونی بەساڵاچوان وەردەگرن. وزە و ئەزموون پێکەوە بەکاربهێنرێت زۆرباش دەبێت. دوای ئەم قۆناغەی خوێندنیش کەمێک پشوو دەدەم و دەمەوێت کۆلێژی یاسا بخوێنم. تا کۆلێژی یاسا تەواو نەکەم واز لە خوێندن ناهێنم".