Hemin Hüseyin
10 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2017
هەولێر - AA
شەوی ١٥ی مانگی شەعبانی هەموو ساڵێکدا کە بە شەوی بەرات ناسراوە هاووڵاتییان شیرینی و نوقڵ بەسەر منداڵاندا دەبەخشنەوە. لە هەرێمی کوردستانیش موسوڵمانان بە چالاکی جۆراوجۆر پێشوازی لێ دەکەن لە کۆنەوە جگە لە زانایانی ئایینی، شاعیرانیش بۆ ئەم شەوە دەقە شیعریەکانییان هۆنیووەتەوە و هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە لەم شەوەدا خودای گەورە بە چاوێکی رەحمەت سەیری بەندەکانی دەکات و بەرەکەتی خۆی بەسەر خەڵکی سەر زەویدا دابەش دەکات.شاعیر مەدهۆش دەڵێت: "ئەم شەو شەوی بەراتە، شەوی خۆشی و خەڵاتە، وا منداڵان دەگەڕێن، دەست بە دەرگاوە دەنێن".
چەند بۆچوونێک هەیە لەسەر مانای وشەی بەرات کە هەندێک پێیان وایە لە بەرائەتی عەرەبی وەرگیراوە و هەندێکیش پێیان وایە لە بەرەکەتی عەرەبی وەرگیراوە و بۆ هەردوو ماناش پێناسەی تایبەتیان هەیە.
بۆچوونی یەکەم پێی وایە لە بەرائەتی عەرەبییەوە هاتووە واتا بێ تاوانی کە مەبەست لێی بێتاوانبوونی، هاوسەری پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ)، حەزرەتی عائیشە بووە لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی.
بۆچوونی دووەمیش پێی وایە بەرات لە وشەی بەرەکەتی عەرەبییەوە هاتووە چونکە لەو شەوەدا خودای گەورە بەرەکەت بەسەر خەڵکی سەر زەویدا دەبارێنێت و رزق و رۆزی دابەش دەکرێت.
پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ساڵح دەباغ لە شاری هەولێر، مەلا حیسامەددین جەودەت ئاماژە بەوە دەکات کە لە شەوی بەراتدا خودای گەورە بە سەیرکردنێکی تایبەت دەڕوانێتە هەموومان و لە گوناهەکانمان خۆش دەبێت و راشیدەگەیەنێت کە پێویستە لەم شەوەدا هاوکاری ئەو کەسانە بکرێت کە پێویستییان پێیەتی.
پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ساڵح دەباغ لە شاری هەولێر، حیسامەددین جەودەت لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەوی بەرات لە لای موسوڵمانان شەوێکی پیرۆزە و لە وشەی بەرەکەت هاتووە کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا، لە سوڕەتی دوخان باسی کردووە، جگە لەوەش خێزانی پێغەمبەر درووی خوای لێ بێت، عائیشەی دایکمان، دەگێڕێتەوە و دەڵێت شەوێکیان سەیرم کرد پێغەمبەر لە کاتی سوجدەکردن بوو، ماوەیەکی زۆر هەڵنەستایەوە و چووم دەستم دایە دەستی و هەستم کرد پەنجەکانی تەزووی گەرمی تێداماوە و دڵنیابووم کە نەمردووە و کاتێک لە سوجدە هەڵسایەوە و لێی پرسیم کە ئایا دەزانی ئەمشەو چ شەوێکە، منیش بە نەخێر وەڵامم دایەوە و پێغەمبەریش فەرمووی ئەمشەو شەوی بەراتە و لەم شەوەدا خوای گەورە سەیرکردنێکی تایبەتی هەیە و سەیری هەموو بوونەوەرەکان دەکات و لە هەموو مرۆڤێک خۆش دەبێت تەنیا دوو جۆر کەس نەبێت، ئەوانیش ئەو کەسەی کە هاوبەشی بۆ خودا پەیداکردووە و ئەو کەسەیشی کە ئاژاوە و کێشە و دووبەرەکی دەنێتەوە".
ئەو گوتارخوێن و پێشنوێژە گوتیشی: "لە شەوی بەراتدا، پێغەمبەر نوێژی کردووە و پاڕاوەتەوە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەرات بریتییە لە شەوی لێخۆشبوون و ئاشتی و پێکەوەژیان و دابەشکردنی خێر و خێرات چونکە پێغەمبەر فەرموویەتی لەم شەوەدا کردەوەکانمان بەرز دەبێتەوە بۆ لای خودای گەورە".
مەلا حیسامەددین جەودەت پێی وایە کە دەتوانرێت لە مانگی شەعباندا زەکات بدرێت بەو کەسانەی کە پێویستیان پێیە و لەمبارەیەوە گوتی: "سەلەفی ساڵح لە مانگی شەعباندا زەکاتییان دەرکردووە و پێویستە لەم شەوەدا ئەو کەسانەی پێویستییان بە یارمەتی هەیە ئەوا دەستی یارمەتییان بۆ درێژبکرێت".
بەشێک لە موسوڵمانان لەو مانگەدا بە رۆژوودەبن و بەشێکیش پێیان وایە ئەمە شتێکی بیدعەیە و هیچ دەقێکی وانییە کە باسی رۆژووگرتن لەو مانگەدا بکات و ئەو مامۆستایە ئایینییەش پێی وایە کە هیچ شتێکی دروست لەبەر دەستدانییە بۆ بە رۆژووبوون لە رۆژی بەراتدا و لەمبارەیەوە مەلا حیسامەددین جەودەت گوتی: "حەدیسێکی سەحیحمان نییە کە پێغەمبەر (د.خ) باسی ١٥ی شەعبانی کردبێت بۆ ئەوەی بە رۆژووبین بەڵام لە یەکی مانگ تا ١٥ی مانگ، پێغەمبەر (د.خ) بە رۆژوو بووە بەڵام دوای ١٥ی مانگ بە رۆژ نەبووە، ئەویش بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ بێ هێز نەبێت تاوەکو لە مانگی رەمەزاندا توانا و هێزی هەبێت".
شەوی بەرات دەکەوێتە نیوەی مانگی شەعبان و لەم شەوەدا خەڵک شیرینی و نوقڵ دەبەخشنەوە و لە لای موسوڵمانان ئەم شەوە گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێ دەکرێت.