Bekir Aydoğan
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2022
هەولێر – AA
لە شاری هەولێر چالاکییەک بەبۆنەی ١٧ی تشرینی دووەم رۆژی کلتوور و زمانی تورکمان بەڕێوەچوو.
چالاکییەکە لەسەر قەڵای دێرینی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر مەولود یاقوت، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق ئایدن مەعروف، بەڕێوەبەری قوتابخانەی مەعاریفی نێودەوڵەتی لە هەولێر ئیدریس قارائاسلان، ئەکادیمیستە تورکمانەکان، مامۆستا، خوێندکاران و خەڵک بەڕێوەچوو.

ئایدن مەعروف، لە گوتارێکیدا لە میانی چالاکییەکە ئاماژەی بە گرنگیی ئەو رۆژە کرد و رایگەیاند بە درێژایی هەفتە چالاکیی رۆژی کلتوور و زمانی تورکمانیان ئەنجامداوە.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ یەکەم قوتابخانەی دۆغوش-ی تورکمان لە هەولێر کرایەوە و رایگەیاند ئەو رۆژە وەکو رۆژی کلتوور و زمانی تورکمان قبوڵکراوە.
ئایدن مەعروف، هیوای خواست رۆژە گرنگەکانی تورکمانەکان کە ١٦ی کانوونی دووەم رۆژی شەهیدانی تورکمان و ٧ی تشرینی یەکەم رۆژی نەتەوەیی تورکمان لە پەرلەمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرمی بکرێت.
لای خۆی کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر، مەولود یاقوت ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناخەوە پیرۆزبایی رۆژی کلتوور و زمانی تورکمان دەکات.
یاقوت، هیوای خواست تورکمانەکان کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگەی عێراقین شایستەی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لە کلتوورەوە بو پەروەردە، لە ژیانی بازرگانییەوە بۆ ئیدارە نوێنەرایەتییەکی گونجاویان هەبێت.
مەولود یاقوت، گوتیشی: "لە پێناو ئەم ئامانجە، ئەو پاڵپشتییەی وڵاتەکەمان وەکو هەموو جارێک پێشکەشی برا تورکمانەکانمانی کردووە لێرە بەدواشەوە بەردەوامی پێدەدات".
- پەرلەمانی کوردستان دوو رۆژی تایبەتی تورکمانەکانی بە فەرمی ناساندووە
پەرلەمانی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای ئامادەکراو بۆ بەفەرمی ناساندنی دوو رۆژی تایبەتی تورکمانەکانی پەسەند کرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە ١٢ی کانوونی دووەم لە هەژماری پەرلەمانی کوردستان لە تویتەر بڵاو کراوەتەوە، لەو دانیشتنە ئاساییەی کە بۆ بەفەرمیکردنی رۆژە تایبەتەکانی تورکمانەکان ئەنجامدراوە، ١٧ی تشرینی دووەم بە رۆژی کلتوور و زمانی تورکمان و ٢٥ی شوبات وەکو رۆژی رۆژنامەوانیی تورکمان قبوڵ کراوە.
لە هەولێر، یەکەم قوتابخانەی تورکمان لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ کراوەتەوە و یەکەم رۆژنامەی تورکمان لە ٢٥ی شوباتی ١٩١١ دەرچووە.