ھەولێر
عەرەب بوونی سەلمان رێگریی لەبەردەمی نەكردووە تا لەپاڵ ھێزەكانی پێشمەرگە شەڕی داعش بكا، ھەربۆیە چەكدارانی داعش بڕیاری سەرپەڕاندنییان دەركردووە و تۆبەش لەو كوشتنە رزگاری ناكا.
مۆبایلەكەی بەدەستەوە گرتبوو و دیاربوو خانەوادەی دڵنیادەكردەوە لەوەی رەوشی پێشمەرگە باشە و لێناگەڕێن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی" داعش" پێشڕەویی بۆ ناوچەكانی نزیك لەھەولێر بكەن.
سەلمان ھاوڵاتییەكی عەرەبی دانیشتووی یەكێك لەگوندەكانی سنووری شارۆچكەی گوێڕە كە نزیكەی ٣٥ كیلۆمەتر لەھەولێرەوە دوورە، ئەو پیاوە كە خۆی بە سەید كە پیاوانی ئایین دەزانی رەشتاڵەیەكی باڵابەرزە و زوو زوو بەشانازییەوە دەیگوت عەرەبە و لەسنووری پێشمەرگەیە و دەیەوێ دژی داعش بجەنگێ كە ئێستا گوندەكەی ئەویان كۆنتڕۆڵكردووە.
سەلمان عومەر كڵاشینكۆفێكی لەمل كردبوو، شەڕواڵێكی كوردیی لەبەردا بوو لەگەڵ كراسێكی سپی، لەیەكێك لە خاڵەكانی پشكنینی نزیك لە گوندی عەوێنە كە ٢٠ كیلۆمەتر لە سنوورەكانی داعشەوە دوورە لەگەڵ دەیان پێشمەرگەی دیكە راوەستابوو و دەیگوت" من ھەرچەندە عەرەبم، بەڵام لێرەم بۆ ئەوەی داكۆكی لە سنوورەكانی كوردستان و شاری ھەولێر بكەم، ناھێڵم داعش بێنە پێشەوە، مەگەر بەسەر لاشەكەی مندا تێپەڕن."
چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی"داعش" چەند رۆژێكە ھێرشیان بۆ سنوورەكانی ھەرێمی كوردستانیان ھێناوە و چەند شار و گوندێكیان بەدووری ٣٠ تا ٥٠ كیلۆمەتر لەھەولێرەوە كۆنتڕۆڵكردووە كە بەشێكیان گوندی عەرەب نشینن.
سەلمان كە پێش ئەوەی ببێتە خۆبەخش و بەرگریی لە خاكی كوردستان بكا لە سنوورەكانی ھەولێر، لە گوندەكەی خۆیەوە دژایەتی داعشی كردووە و بەردەوام ھێزەكانی پێشمەرگەی لە جوڵەی چەكدارانی ئەو رێكخراوە ئاگاداركردووەتەوە، پاش ئاشكرابوونیشی داعش ھەڕەشەی سەربڕینییان لێ كردووە.
سەلمان لەو بارەیەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی:" داعش بەمنییان زانی كە لەدژی ئەوانم بۆیە پێیانڕاگەیاندم كە بمگرن سەرم دەبڕن و تۆبەكردنیشم سوودی نابێ، ئەوان تا ئێستا چەند جارێك لەرێگەی تەلەفۆنەوە ئاگاداریان كردوومەتەوە كە ئەگەر بمگرن تۆبەشم لێ قبوڵ ناكەن و سەرم دەپەڕێنن."
پێشمەرگەی خۆبەخش یەكێكە لەو دیاردانەی لە ھەرێمی كوردستان و ناوچەكانی سنووری رووبەرووبونەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش بە زەقی درك پێدەكرێ، خۆبەخشەكان ئەو كەسانەن كە چەكیان لەدژی چەكدارانی داعش ھەڵگرتووە بۆ شەڕكردن لەدژیان. خۆبەخشەكان یان پێشمەرگەی خانەنشین، یان كەسانی ئاسایین كە پێشتر ھێزی چەكدارنەبوون، ئەمڕۆ بێ ھیچ بەرامبەرێك خۆبەخشانە و بە ئارەزوو بەرگریی لە ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوان بەسەدان چەكدار دەبن كە لە سنوورەكانی ھەرێمدا بڵاوبوونەوەتەوە و زۆر جار بە پۆشینی جلوبەرگی كوردی دەناسرێنەوە.
سەلمان دەڵێ پاش ئەوەی چەكدارانی داعش ئەویان لەسەر دۆشكەی ھێزەكانی پێشمەرگە بینیوە بەتەواوەتی توڕەبوون و ھەڕەشەكانییان چڕكردووەتەوە، بۆیە ئەو بەناچاری خێزانەكەی و خوشكەكانی ھێناوەتە ناو ھەولێر و نیشتەجێی كردوون و خۆشی لەبەرەكانی جەنگدایە.
سەلمان كە زانیاریی وردی لەسەر چەكدارانی داعش ھەیە گوتی" ئەو چەكدارانەی ھاتوونەتە سنوورەكانی ھەولێر لەشاری مەخمور و گوێڕ و گوندەكان ٨٠%یان لە شوێنەكانی تری عێراق و دەرەوەی عێراقەوە ھاتوون، تەنھا ٢٠%یان خەڵكی ئەو گوندانەی دەوروبەری ھەولێرن."