Feriq Fereç
27 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2016
نزیكەی سێ هەزار ماڵباتی ئاوارەی عەرەب كە خەڵكی قەزای یەسریب لە پارێزگای سەڵاحەدینن ماوەی ساڵێكە ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بوون و لە كەمپێكی تایبەت بە ئاوارەكان لە شارۆچكەی عەربەت نیشتەجێ كراون، ئەو كەمپەش كەمپێكی كۆنە و چادر و رێگاو بانەكانی ناو كەمپەكە خراپە و حكوومەت لە هەمان كەمپ سەرقاڵی دروستكردنی جێگای تایبەتە بۆ ئاوارەكان.
كەمپەكە بەهۆی نزیكی لە ناوچە شاخاوییەكانەوە، ساڵانە وەرزێكی زستانی سەخت بەڕێ دەكات و شەپۆلەكانی سەرما و سۆڵە و بەفری زستان دەیگرێتەوە، ئەوەش بۆ ئاوارەكان كە بەو كەشوهەوایە رانەهاتون سەختە و ژیانی ئەوان دژوارتر دەكات.
ئەوان كە لە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2014 بەهۆی هێرشی داعش و هەوڵەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی پارێزگای سڵاحەدین، لە ناوچەكانی خۆیان ئاوارە بوون و دواتر هاتنە پارێزگای سلێمانی، ماوەی ساڵێكە یەسریب كۆنترۆڵ كراوەتەوە و وەك خۆیان دەڵێن هیچ كێشەیەكی تێدا نەماوە بەڵام بەهۆكاری تائیفی لەلایەن حەشدی و شەعبی و هۆزەكانی ناوچەكەوە كە شیعە مەزهەبن رێگای گەڕانەوەیان نادەن.
سەفحە عەلی حەموود ژنێكی تەمەن 55 ساڵە و لەگەڵ بەفربارینی نێو كەمپەكە و ئەو سەرمایەی دوو رۆژە ناوچەكەی گرتۆتەوە، لە ژێر چادرەكەیدا و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی كە زیاتر لە 10 كەس بون لە نزیكی سۆپایەكی بچووكەوە خۆیان گەرم دەكردەوەو لە دیمەنی بەفربارینەكەیان دەڕوانی.
بەفربارین بۆ ئەوان شتێكی نوێیە و لە ناوچەكەی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین ساڵانە جگە لە بڕێكی كەم باران نەبێت بەفربارین نییە و تەنها لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەفربارینیان بینیوە.
ئەو لەبارەی دۆخی ئاوارەكان و گەڕانەوەیانەوە بۆ ئانادۆڵو دوا و گوتی: "لێرە لەم كەمپەدا هەرچەندە هاوكاری دەكرێین بەڵام وەك ئەوە نییە لە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان بین و كاروباری خۆمان لەوێ بەڕێ بكەین بەڵام هۆزەكان و چەكدارەكانی ناوچەكە رێگای گەڕانەوەمان پێ نادەن و هەر چاوەڕوانی گەڕانەوەین".
ئەو ژنە باس لەوە دەكات بەهۆی نەبوونی بژێوی و ئاوارەییەوە رۆژانە ژیانێكی سەخت بەڕێ دەكەن، سەرما و سۆڵەی زستانی ناوچەكەش ژیانی ئەوانی هێندەی تر سەخت كردووە و لە ناو چادرەكاندا ماونەتەوە.
ئەركان تەمیمی گەنجێكی تەمەن 35 ساڵانە، ئەو لە بارەی هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكانەوە دوا و ئاماژەی كرد بەوەی چەند هۆزێكی ناوچەكە كە شیعە مەزهەبن و لە ناوچەكانی دەورووبەری ئەوان لە یەسریب دەژین رێگای گەڕانەوەنان نادەن، هەروەها زۆربەی خانوو ماڵەكانیان لەلایەن چەكدارەكانەوە تەقێنراونەتەوە .
لە نێو كەمپەكەدا خوێندنگەیەكی سەرەتایی تێدایە كە هەتا پۆلی شەشەمی سەرەتایی هەیە، بەو هۆیەشەوە منداڵانی كەمپەكە بۆ تەواو كردنی خوێندنی قۆناغەكانی دواتر ناچارن بچنە خوێندنگەكانی عەربەتەوە.
بارق محەمەدی تەمەن 18 ساڵان قوتابی قۆناغی سێی ناوەندییە و لە گەورەكان زیاتر پەلەی گەڕانەوەیەتی بۆ ناوچەكەی خۆیان بەڵام نیگەرانە لەوەی حەشدی شەعبی و هۆزە شیعەكانی ناوچەكە رێگەی گەڕانەوەیان نادەن.
بارق گوتی: "دەمانەوێت بگەڕیینەوە ناوچەكانی خۆمان بەڵام حەشدی شەعبی و هۆزەكانی ئەو ناوچەیە بەهۆكاری تائیفی رێگا نادەن و داوای پارەمان لێ دەكەن بۆ گەڕانەوە".
ئەو گوتیشی: "من قوتابییەكم و دەمەوێت لە خوێندنگەكەی خۆم و لە جێگای خۆمان خوێندن تەواو بكەم لە نێو كەسوكار و هاوڕێكانی خۆمدا چونكە لێرە پڕۆسەی خوێندمان باش نییە و چەندین كەموكورتی و كێشەمان هەیە".
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محەمەد لەبارەی كێشەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لە بەشێكی زۆری ئەو ناچانەی ئاوارەیی تێیدا رووی داوە كێشەی نەگونجانمان هەیە، لەوانەش شارەبان و جورف سەغر كێشەی ناكۆكی سوننە و شیعە هەیە. لە ناوچەی یەسریبش ئەو قەیرانەمان هەیە كە دانیشتووانەكەی ئێستا لە كەمپی عەربەت نیشتەجێن. لە هەوڵداین بۆ چارەسەریی ئەو كێشانەی باس کرا هەروەها رەخساندنی زەمینەی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان".