Rewa Mahmood Hasan
21 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2020
سلێمانی-AA
بەمەبەستی پاراستنی باڵندەکان لە برسێتی و بەهۆی دەستنەکەوتنی خۆراکی پێویست لە وەرزی زستاندا لەنێو سروشتدا لەکاتی بەفرباریندا، ژمارەیەک خۆبەخش و رێکخراوێکی ژینگەدۆستی، دانەوێڵەی بۆ باڵندەکان روو کرد لەنێو سروشتدا.
هەموو کاتێک لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵەو کڕێوەی بەفردا، تەنیا مرۆڤە کەم دەرامەت و بێلانەکان، نابنە قوربانی، بەڵکو باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان، رووبەڕووی ئەستەمی دەبنەوە، ئەویش بەهۆی دەستنەکەوتنی خۆراکی پێوستی رۆژانەیان.
لە شاری سلێمانی و لە چالاکیەکی کەم وێنەدا، ژمارەیەک خۆبەخش و رێکخراوی شەماڵی کوردستان بۆ ژینگە هەڵسان بە رشتن و رووکردنی پێنج فەردە دانەوێڵە و نان، لەنێو سروشتدا بۆ ئەو باڵندانە و ئاژەڵە کێوییانەی لە وەرزی زستان و بەهۆی بەفربارینەوە، خۆراکی رۆژانەیان دەستناکەوێت.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرپرسی رێکخراوی شەماڵی کوردستان بۆ پارستنی ژینگە، شیلانە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ دەستپێکی هەڵمەتەکەیە و رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
شیلانە گوتی،'' ئەمڕۆ یەکەم رۆژی هەڵمەتی دانەوێڵە بۆ باڵندەکان لەژێر ناوی '' باڵندەکان هاوسەنگی ژینگە رادەگرن'' لە چیای ئەزمەر دەستیپێکرد و بەردەوامیی دەبێت، ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان بدەین لەوەرزی سەرماوسۆڵەو بەفردا، ئێمە وەک رێکخراوێکی ژینگەیی بەدەر لە هاوکاری مرۆڤەکان، دەمانەوێت، یارمەتیی ئاژەڵ و باڵندەکان بدەین، چونکە ئەوەی گرنگە، باڵندەکان بەشێکی گرنگن لە ژینگەدا، بەشێکن هاوسەنگی لەژینگە رادەگرن، پێویستە مرۆڤەکان لەوەرزی سەرمادا، بەتایبەت لە کاتی بەفرباریندا خۆراک بەسەر باڵندە و ئاژەڵەکاندا دابەش بکەن.''
شیلانە باس لەوە دەکات کە ئەوان لە هەڵمەتەکەدا پێنج فەردە دانەوێڵە و نانەوردە لە نێو بەفردا رۆ دەکەن بۆ باڵندە و ئاژەڵە برسییەکان.
لە هەڵمەتەکەدا ژمارەیەک خۆبەخشی ژینگەیی و ئاژەڵدۆستی و ئەندامی رێکخراوی شەماڵ بەشداربوون لە رووکردنی دانەوێڵە بۆ باڵندەکان.
ئیلهام عەبدوڵرەحمان کە دەرچوویەکی زانکۆیە لە بەشی ئەندازیاری گەیاندن، ئێستا بێکارە، یەکێکە لە خۆبەخشەکانی هەڵمەتەکە باس لەوە دەکات کە زۆر دڵخۆشە بەشدارە لە هەڵمەتی رووکردنی دانەوێڵەدا لەسەر بەفر بۆ باڵندە برسییەکان لەم وەرزەدا کە بەهۆی بەفرو سەرماوسۆڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت لە دۆزینەوەی خۆراکی پێویستدا.
لەهەڵمەتی رووکردنی دانەوێڵە بۆ باڵندە برسییەکاندا لە ژێر ناوی'' باڵندەکان هاوسەنگیی ژینگە رادەگرن'' بەدرێژای لووتکەی چیای ئەزمەر بۆ خوارەوە، پێنج فەردە گەنم روو کران. کەتێیدا چەندین چین و توێژی سلێمانی تێیدا بەشداربوون.
نامیق کەریم کە یەکێکی دیکەیە لە خۆبەخشەکانی رێکخراوەکە، لەکاتی سەرقاڵییدا بۆ رووکردنی دانەوێڵە و بڵاو کردنەوەی بەسروشتدا، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات، لەچوارچێوەی هەڵمەتی پاراستنی ژینگەدا رێکخراوی شەماڵی کوردستان لەماوەکانی پێشوودا هەڵمەتی چاندنی بەڕوویان لە کێوی گۆیژە دەستپێکردبوو، ئێستاش بەهۆی سپی بوونی زەوی و کێوو دۆڵەکان، باڵندەکان بە ئەستەم دەتوانن خۆراک پەیدا بکەن، هەر بۆیە رێکخراوەکە هەڵساوە بە رێکخستنی ئەم چالاکیە و دەڵێت،'' زۆر خۆشحاڵم کە بەشدارم لە هەوڵی تێرکردنی ئەو باڵندانەی لە سروشتدان و بەهۆی سەرماو بەفرەوە برسی بوون، تاکو بیانپارێزین لە فەوتان."