Dilşad Seyfeddin Ahmet
24 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2016
ئەو قوربانیانە ئەندامی یەك خێزانن و رۆژی 23ی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوودا لەكاتی بەڕێكەوتنیان بەرەو وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا لە دەریای ئیجەدا بەلەمەكەیان ژێر ئاوكەوتووە و خنكاون.
قوربانییەكان بنەماڵەی سالار محەمەد قادری خەڵكی شاری كەركووكە، كە لەو رووداوەدا خۆیی و منداڵەكانی خنكاون و تەنها هاوسەرەكەی رزگاری بووە، تائێستاش تەرمی چوار كوڕی دۆزراوەتەوە و تەرمی یەك كەسیشیان نەدۆزراوەتەوە.
لە كاتی گەیشتنەوەیاندا ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانییەكان و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی رێكخراوە پەیوەندیدارەكان ئامادەی رێوڕەسمی گەیشتنەوە و بەڕێكردنیان بوون بەرەو شاری كەركووك.
سامان محەمەد كەسوكاری قوربانییەكان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوان كە ژمارەیان حەوت كەس بووە لە كاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ئیجەوە بەلەمەكەیان ژێرئاو كەوتووە و جگە لە دایكیان ئەوانی دیكە خنكاون، ئەمڕۆش دوای هەوڵێكی زۆر تەرمی چوار كەسیان دۆزرایەوە و گەڕێنرانەوە خاكی هەرێم".
ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق موسەننا ئەمین كە ئامادەی رێوڕەسمەكە بوو بۆ رۆژنامەنووسان دوا و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێكی رەشە لە مێژووی عێراقدا و حكوومەت كارێكی وای كردووە رۆڵەكانی خۆی سەری خۆیان هەڵبگرن و بەرەو وڵاتانی دیكە بڕۆن و ئەو كارەساتانەی لێ بكەوێتەوە، پێویستە حكوومەتی عێراق هەزار جار بیر لەوە بكاتەوە رێگا چارەیەك بدۆزێتەوە بۆ رێگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە كارەساتانە".
موسەننا ئەمین گوتی: "وەك لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێككەوتووین بۆ لەئەستۆگرتنی گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرە عێراقییانەی كە لە رێگەی كۆچكردنیاندا دەبنە قوربانی".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی كرد بەوەی كە لە پەرلەمانەوە پڕۆژە یاسایەك ئامادە دەكەن تایبەت بە پەنابەرانی عێراقی لەدەرەوە و گرتنە ئەستۆی رێوشوێن و تێچوونی گەڕانەوەی تەرمی ئەو كەسانەی لەو رێگەیەدا دەبنە قوربانی.